لە رۆژانی سەرژمێری دزییان كردبوو
پۆلیسی هەولێر دوو كەسی بە تۆمەتی دزی دەستگیر كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوو تۆمەتباری دەستگیر كردووە، كە لە رۆژانی سەرژمێریی گشتیدا دزییان كردووە.
پۆلیسی هەولێر ئەمشەو “دووشەممە 25.11.2024” بڵاویكردەوە، دوو كەسیان بە ناوەکانی (ع. ک. ج) و (م. ف. ع) لە شاری هەولێر دەستگیر کرد، کە لە دوو تاوانی جیا و لە دوو کۆگای کەلوپەلی خواردەمەنی، بڕی 41 ملیۆن دیناری عێراقییان لەگەڵ شەش هەزار و 700 دۆلاری ئەمریکییان دزیبوو.
لە راگەیاندراوەكەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، “تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، لە رۆژی پشووی سەرژمێریدا تاوانەکەیان ئەنجام داوە و چۆڵیی شەقامەکانیان بە دەرفەت زانیبوو بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی چڕ و پلانێکی ئەمنیی تۆکمە لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەستگیر کران، کە دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، بە بەکارهێنانی ماسک و چەندین کەلوپەل و ئامێری دیکە دزییەکانیان ئەنجام داوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر راگیران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە”.