داوای بەهەمیشەییبوون دەکەن
نزیکەی 45 کارمەندی تەندروستی زاخۆ گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
نزیکەی 45 کارمەندی تەندروستی زاخۆ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەکە گردبوونەوە و داوای بەهەمیشەییبوون دەکەن.
موئەیەد جامی، نوێنەری کارمەندە ناڕازیبووەکان بە 964ـی وت، “ئێمە لە نۆ بۆ 15 ساڵ و بەبێ دابڕان دەوام دەکەین کە بەشێکمان خۆبەخشانە کار دەکەن، بەڵام کەس گوێمان لێناگرێت”.
وتیشی، “مافی خۆمانە داوای بەهەمیشەییبوون و دامەزراندن بکەین وەک هەموو فەرمانبەران و کارمەندانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان”.
هاوکات د. سیروان ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی زاخۆ بە 964ـی وت، ” مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ بەهەمیشەییبوونی فەرمانبەران ئەوان ناگرێتەوە، بەڵام داواکەیان رەوایە، بۆیە بەنوسراوێکی فەرمی داوا لە وەزیری تەندروستی دەکەین، رێگەچارەیەک بۆ ئەم کارمەندانە بدۆزنەوە”.
دوێنێ یەکشەممە 24.11.2024 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە گشتاندنێکدا 14 مەرجی تایبەت بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، دیاریکرد و ئەوەش بەشێک لە کارمەندان و فەرمانبەرانی نیگەران کردووە.