ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە
بەهۆی رژانی رۆنی رەشەوە رێگای دەربەندیخان – زەڕایەن لە نزیک بیرکێ داخراوە
964+
بڕوا مەجید – دەربەندیخان
ئەمشەو بەهۆی رژانی رۆنی رەشەوە لە نزیک گوندی بیرکێیە و نزیک گوندی چنارە، لەسەر رێگەی دەربەندیخان بۆ ناحەیەی زەڕایەن، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و رێگەکەش داخرا و شۆفێران ناتوانن بەکاری بهێنن.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بۆ964 وتی، ”ئەمشەو تەنکەرێک کە سووتەمەنی پێبووە، لە دووجێگە رۆنەرەشەکەی رژاوە و بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆ بۆشۆفێران درووست بووە.
وتیشی، بەهۆی رژانی رۆنەکەوە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت وەرگەڕاوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئێستا سەرجەم تیمەکان لە پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگری شارستانی و هێزە ئەمنیەکان لە شوێنی رووداوەکەن .
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەی رۆنەکەی رژاندووە دەستگیرکراوە و رێکاری یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
لە رێگەی 964ەوە داوای لە شۆفێران کرد، هاتوچۆ بەشەقامەکەدا نەکەن تا بەتەواوی رێگەکە پاک دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر