دابەشکردنەکەی دوادەکەوێت
لە پیرمام وردبینی بۆ فۆڕمی زەوی وەرگرتن تەواو بوو بەڵام زەوی ئامادەکراوی نییە
964+
ژوولی عەدنان
ئەمڕۆ رێکەوتی 24/11/2024 ستافی پەروەردەی پیرمام و لیژنەی باڵای وەزارەتی پەروەردە وردبینیان لە فۆڕمی زەوی فەرمانبەران و مامۆستایانی سنوورەکە تەواو کرد و چاویان بە وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئالان حەمە سەعید کەوت.
حامید کاکەیی بەڕێوەبەری قەزای پیرمام بە 964 ی وت، تاوەکو ئێستا زەوی تەرخانکراو لە قەزاکەیاندا نییە بەڵام لە سنووری بەستۆڕە دەکرێت زەوی دابنرێت، بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکەشی ناوەکان ئامادە دەکەن و رەوانەی وەزارەتیان دەکەن، پاشان شارەوانی دەبێت زەوییان بۆ تەرخان بکات.
وتیشی ”وەرگرتنی زەوی لە پیرمام هەندێک دوادەکەوێت یاخود لە شوێنی دیکە زەوییان بدرێتێ چونکە لە پیرمام، تیمەکان سەرقاڵی ماستەرپلانێکی نوێن”.
ئاماژەی بەوەشکرد دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە وردبینی ناوەکان دەنێریتە وەزارەتی شارەوانی، فەرمانبەران و مامۆستایانیش بە ئارەزووی خۆیان بەپێی شوێنی دانیشتن یاخود خزمەتکردن شوێنی زەوییەکە دیاری دەکات.
لە 27.3.2024 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاری دا بە تەرخانكردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا لە هیچ ئیمتیازێكی زەوی و شوقە سوودمەند نەبوون، كە ماوەی زیاتر لە 16 ساڵە زەوی بە فەرمی لە هەرێمی كوردستان دابەشنەكراوە.