قائیمقامی پێنجوێن: ئەمرۆ رۆژێکی ئاسایی نییە
+964
سلێمانی/ ئەحمەد مستەفا
تەنیا بەیانی ئەمرۆ 10سانتیمەتر بەفر لە ناوەندی پێنجوێن باریوە، قائیمقامی شارەکە داوا لە ھاوڵاتیان دەکات، ئەمرۆ رۆژێکی ئاسايی نییە و نەچن بۆ پێنجوێن ئەگینا لە شاخی ملەکەوە دەیانگەڕێنینەوە.
شاخی ملەکەوە 10کیلۆمەترێک پێش دەروازەی گەشتنە بە قەزای پێنجوێن لە باشووری رۆژھەڵاتی سلێمانی، ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و بەسێ ئاراستە و لەشێوەی پیتی زێدی ئینگلیزی شۆفێران سەردەکەون بە شاخەکەدا، کە ئەوە لەمکاتەدا دەبێتە مەترسی و بەھۆی ساردی کەشەکە بەستن روودەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، زانا رەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی964ی وت “تەنیا بەیانی ئەمڕۆ 10سانتیمەر بەفر لە ناوەندی قەزای پێنجوێن باریوە و لە شاخی ملەکەوەش بڕی 15سانتیمەتر باریوە”.
“ئێستا تیمەکانمان بەردەوامن لە پاکردنەوەی رێگاکان، بەڵام لەشاخی ملەکەوە بەھۆی زۆری بارینی بەفرەوە ئاستەنگ دروستبووە، ئەو شۆفێرانەی کە زەروورن دەتوانن بە بەستنی زنجیر شاخەکە تێبپەڕێنن بگەنە پێنجوێن، بەڵام ھەر شۆفێرێک زنجیر لە تایەکانی نەبەستێت دەیانگەڕێنینەوە و نایەڵین بکەونە مەترسییەوە”. زانا رەحمان وای وت.
بەوتەی زانا رەحمان تائێستا لەئەنجامی باری بەفر، ھیچ رووداوێکی نەخوازراو لە سنوری قەزای پێنجوێن تۆمارنەکراوە، دەشڵێت “تا ئێستا کە بەفر باریوە تیمەکان دەتوانن پێ رابگەن و ھەوڵبدەن شەقامەکانی ناوشار و دەرەوەی شار پاک بکەنەوە”.