دیمه‌نى پڵنگێك له‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ ئاوه‌كه‌ ببینه‌

دوو مامۆستاى زانكۆى سلێمانى ماوه‌ى 4 ساڵ ئاویان بۆ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ كێویه‌كان دابین كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دوو مامۆستاى زانكۆى سلێمانى ماوه‌ى 4 ساڵ له‌ناو سروشته‌ سه‌خته‌ جیاوازه‌كانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى ئاویان بۆ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ كێویه‌كان دابین كردووه‌، هاوكات له‌رێگه‌ى كامێراى چاودێرییه‌وه‌ دیمه‌نى زۆرێك له‌و ئاژه‌ڵ و باڵندانشیان تۆمار كردووه‌ كه‌ سوود له‌ ئاوه‌كه‌یان وه‌رده‌گرن، له‌وانه‌ش پڵنگێكی ده‌گمه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت.

هه‌ردوو مامۆستایان، سۆران حه‌مەعه‌لی ئه‌حمه‌د و سۆما ئیسماعیل مه‌جید، له‌ زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی زانست، بەشی زیندەوەرزانی ئه‌م كاره‌یان ئه‌نجامداوه‌.

سۆران حه‌مه‌عه‌لى به‌ 964ـى وت، بەهۆی گۆڕانکارەکانی کەشوهەوا و وشکە ساڵی و هۆکارەکانی تر، یەکێک لەو کێشانەی ڕووبەڕووی کێویەکان بوویەوە بەپێی داتا و توێژینەوەکانیان کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاویە سرووشتیەکان بوو، بۆیه‌ ئه‌وانیش ئه‌م كاره‌یان بۆ ئه‌نجامداون.

وتیشی “ئاومان بۆ گیانلەبەرە کێویەکان لە ساڵی 2021 تاوه‌كو 2024 دابینكردووه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لەو ناوچەی کاریان لێکردووە، بە هاوکاری دانیشتوانی ناوچەکە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، لە چەندین شوێن ئاو دابینکرا بۆ کێویەکان و بەردەوام له‌رێگه‌ى كامێراوه‌ چاودێریان کردووە.

به‌پێی چه‌ندین گرته‌ى جیاواز كه‌ له‌و ڤیدیۆیه‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌، چەندین جۆری جیاوازی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی سودیان له‌و سه‌رچاوه‌ ئاوه‌ وەرگرتووه‌ و بەشێک لە داتاکانیش لە توێژینەوەکانیاندا بەکارهێنراون.

مامۆستا سۆران هیواخوازه‌ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ باشبێت و ببێتە هۆی بووژاندنەوەی سەرچاوە ئاویەکان، هاوكات لەو ناوچانەش كه‌ کێشەی کەم ئاوی هەیە هاوکاری کێویەکان بکرێت و راو لەسەر سەرچاوە ئاویەکان نەکرێت.

لاشەى ورچەکە دەهێنرێتەوە سۆران

لاشەى ورچەکە دەهێنرێتەوە سۆران