پشووی ئەو فەرمانبەرانەی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان درێژ کرایەوە
بە بڕیاری ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری
پشووی ئەو فەرمانبەرانەی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان درێژ کرایەوە
964+
شۆڕش قادری
ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان پشووی سەرژمێری بۆ ئەو فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانە درێژکردەوە کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
بە قسەی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری هەرێمی کوردستان، “بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێری، پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندان، ئەوانەی خەڵکی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، تاوەکو 10ـی کانوونی یەکەم درێژدەکرێتەوە بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتووچۆ پڕبکەنەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدوای تەواوکردنی فۆڕمی یەکەم کە لە رۆژانی 20و 21ی مانگ پشتراست دەکرێنەوە، قۆناغێکی دیکە دەستپێدەکات کە پرسیار و زانیاری زیاتری تێدایە و پێویستە لەو کاتەی بژمێرەکان سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە، لانیکەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانەکەیانی لابێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕبکەنەوە، بۆیە رێگە بەو کەسانەش دەدرێت لە ناوچەکانیان بمێننەوە.
هێمن میران دەشڵێت، “حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەرفەتییان دەدرێتێ تا ئەو کاتەی بژمێرەکان دووبارە سەردانیان دەکەنەوە تاوەکو هەموو پرۆسەی سەرژمێری تەواودەبێت”.