دەستەی دادوەری بڕیاریدا
سەرجەم تانەكانی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەتكرانەوە
964+
ژووری هەواڵ
سەرجەم تانەكانی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە رەتكرانەوە، کە ژمارەیان 41 تانەبوو لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەکان تۆمارکرابوون.
لە نوسراوێکدا کە ئەمڕۆ 18.11.2024، لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە دەرکراوە و بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نێردراوە هاتووە “ئاگادارتان دەکەینەوە کە دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵبژاردن، هەموو ئەو تانانەی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆی نێردراوە لە ماوەی یاسایی یەکلاییکردووەتەوە.”
ئاماژەی بەوەش داوە “یەکلاییکردنەوە تانەکان بەپێی بڕگەکانی مادەی (10/حەوتەم) لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە (31)ی ساڵی 2019 بووە.”
پێشتر 38 تانە رەتکرابوونەوە، سێ تانە مابوون، ئەمڕۆ ئەوانیش رەتکرانەوە. کۆی گشتی تانەکان 41 تانە بوون کە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە تۆمار کرابوون و 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، سێیان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.
رۆژی 20.10.2024 لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، ئەوکات کۆمسیۆن ماوەی سێ رۆژ کاتی دا بە لایەنەکان ئەگەر ناڕازین، بە نزیکەی شەش لایەن سکاڵا و گازندەیان هەبوو، پێشکەشی کۆمسیۆنیان کردبوو.