هۆکارەکانی بزانە
ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوینی کوردستان کەمی کردووە
964+
شۆڕش قادری
بەرهەمی هەنگوینی کوردستان ئەمساڵ کەمی کردووە و هۆکارەکەشی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و زۆربوونی پندی ڤاروا و هەنگەوانی ناشارەزا دەگەڕێتەوە.
ئەحمەد پشدەری سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان بە 964ـی وت، “بەرهەمی ئەمساڵی هەنگەوانان بەراورد بە ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە”.
“لە راستیدا گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زۆربوونی پندی ڤاروا کە جۆرە حەشەرەیەکە و زۆربوونی هەنگەوانی ناشارەزا، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوینە، جگە لەوش سەرقاڵی توێژینەوەیەکی زانستیم لەسەر ئەو بابەتە و لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەم”، ئەحمەد پشدەری وای وت.
سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە هەنگەوانان پێنج بۆ شەش مانگ هەنگەکانیان لە کوێستانەکان جێدەهێڵن و ئەوەش کارێکی هەڵەیە، چونکە هەنگ لانیکەم دەبێت هەر 10 رۆژ جارێک پشکنینی بۆ بکرێت.