دوای هەنار.. سێوی بەرواری باڵا هەناردەی دەرەوە دەکرێت
964+
توانا نەقی
دوای هەنار، وەزارەتی کشتوکاڵ بەرهەمی سێوی بەروار هەناردەی دەرەوە دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێوی دەڤەری بەروارى وەک بەرهەمێکی ناوازەی کشتوکاڵی ناوخۆیی ناوی دەبات و دەڵێ: کار لەسەر هەناردەکردنی دەکەین.
سێوی دەڤەری بەروار، ناوبانگێکی گەورەی هەیە، هەم تامێکی خۆش و هەمیش رەنگێکی جوانی هەیە، جگە لە دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت کار لەسەر هەناردەکردنی بۆ دەرەوە دەکەین.
سێوی بەرواری باڵا، ئێستا لە نۆ فرۆشگای نێودەوڵەتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەردەستە و دەفرۆشرێت.
سێوەکە، پشکنینی بۆ کراوە بە پێی ستانداردی جیهانی، مادەی قڕکەری تێدا نییە و تەواو سروشتییە، بەپێی شیکاری مایکرۆبایۆلۆجیش سروشتییە.
هەر بەپێی پشکنینەکان کە بۆ سێوەکە کراوە، رێژەی شەکر تێیدا 14.9یە و کە بە پێوەری نێودەوڵەتی 10 بۆ 25، بەمەش خاوەن رێژەیەکی زۆر باشە، هیچ مادەیەکی کیمیاییشی تێدانیە و سروشتییە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو یەکێک لەو بەرهەمانەی کە هەناردەی دەرەوەی هەرێم کرا هەناری خۆماڵی بوو کە بۆ هەریەک لە وڵاتەکانی بەریتانیا، ئیمارات و قەتەر کرا.