20 کۆمپانیایان ئەمڕۆ لە هەرێم کۆبوونەوە
ئەمریکا و هەرێم کاری پێکەویی بازرگانی لە نێوانیان زیاد دەکەن
964+
توانا نەقی
ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا – کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوە بە بەشداری 20 کۆمپانیای ئەمریکی و باسی پەرەپێدانی کاری بازرگانی کرا لە نێوان کۆمپانیا ئەمریکیەکان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم ئەنجومەنە بۆ بازرگانی لە نێوان ئەمریکا و کوردستان ساڵی جارێک دێنە کوردستان و کۆدەبنەوە و کاری هاوبەش بۆ کۆمپانیاکانی هەردولا دەدۆزنەوە.
بەرگەشت ئاکرێیی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بە 964ـی وت، ئەو کۆمپانیا ئەمریکیانە دێنە کوردستان و دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و زۆرجار بووە کە لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان هاوبەشیان پێکەوە کردووە و دەستیان بە وەبەرهێنان کردووە.
وتیشی، تا ئێستا چەندین لێکتێگەیشتنی هاوبەش واژۆکراوە لە نێوان کۆمپانیا ئەمریکیەکان و کۆمپانیاکانی کوردستان لە سێکتەرە جیاوازەکان بۆ وەبەرهێنان، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا هیچ لێکتێگەشتنێک واژۆ نەکراوە.
سەبارەت بە ژمارەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە هەرێم بەرگەشت ئاکرێیی ئاماژەی بەوەکرد، جگەلەوەی ژمارەیەکیان کاری هاوبەشیان هەیە لێرە، بەڵام ژمارەیەکی دیکەی بەرچاویان بە تەنیا وەبەرهێنان دەکەن و بە تایبەت لە بوارەکانی نەوت و غاز و پیشەسازی و زۆر بازرگانی دیکە، چاوەڕێ دەکەن ئەو ژمارەیەش روو لە زیاد بوون بکات.