بۆ ساڵڕۆژی قوربانیانی رووداوەکانی هاتوچۆ

کەسی یەکەمی هاتوچۆ لە سلێمانی؛ داوای پابەندی زیاتر لە شۆفێران دەکات

964+
ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی، لە رۆژی قوربانیانی هاتوچۆ، داوا لە سەرجەم بەکارھێنەرانی شەقام و شۆفێران دەکات، زیاتر پابەندی سەرجەم یاسا و رێنماییەکانی ھاتوچۆ بن.

سبەی یەکشەممە 16.11.2024، ساڵیادی رۆژی قوربانیانی هاتوچۆیە کە هەموو ساڵێک لە سێیەم یەکشەممەی مانگی یانزەدا یادی دەکرێتەوە، عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی پەیامێکی لە پێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بڵاوکردەوە.

نوسیویەتی، ئێمە وەک بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی لەم رۆژەدا پەیمان تازە دەکەینەوە کە وەک ھەمیشە و زیاتر کۆشش و تواناکانمان دەخەینە کار و کاراتریان دەکەین بۆ جێبەجێ کردنی یاسا و رێنماییەکانی ھاتوچۆ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ھاتوچۆ و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان لە مەترسییەکانی رووداوەکانی ھاتوچۆ.

لە بارەی رێگاوبانەکان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، کۆشش دەکەن و پەیوەندی زیاتر دروست دەکەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سێکتەری ھاتوچۆ و رێگاوبانەکان بە مەبەستی فەراھەمکردنی زیاتری تۆڕی رێگاوبانەکان وچاکسازی لەھەر کەموکورتییەک.

لە ساڵرۆژی قوربانیانی رووداوەکانی هاتوچۆ، ئاسۆ محەمەد باسی لەوەکردووە، ئومێدەوار و ھیواخوازن سەرجەم بەکارھێنەرانی شەقام بەگشتی و زۆر بەتایبەتی شۆفێران، زیاتر پابەندی سەرجەم یاسا و رێنماییەکانی ھاتوچۆ بن کە لەخزمەت سەلامەتیان دانراون، بەمەبەستی دابەزاندنی ئاماری قوربانیانی رووداوەکانی ھاتوچۆ، کە ئەوەش ئامانجی سەرەکیمانە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی پێشتر بڵاویکردەوە، بەهۆی رێکارەکانی هاتوچۆ و پابەندبونی هاوڵاتیانەوە بەراورد بە ساڵی 2021، لە ساڵی 2022دا ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییەکانی کەمیکردوە، ئەوکات داواشی کرد هاوڵاتیان زیاتر پابەندی یاساو ڕێنمایەکان بن.

بەگوێرەی ئامارێک کە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پێشتر بڵاویکردوەتەوە، ساڵی 2021دا لە سنوری پارێزگای سلێمانی 1240 روداوی هاتوچۆی رویانداوە و بەهۆیانەوە 231 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 3849 هاوڵاتی دیکەش برینداربون، هەروەها ساڵی 2022 قوربانیانی هاتوچۆ روی لە کەمبوونەوە کردووە، بەجۆرێک لەو ساڵەدا 1044 روداوی هاتوچۆی رویانداوە و بەهۆیانەوە 174هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 3843 هاوڵاتی دیکەش بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆ لەو ساڵەدا برینداربوون.

هاتوچۆی سلێمانی، بۆ ساڵی 2023 هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام نەدا، نە داهاتی ئاشکراکرد و نە ئاماری قوربانییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ.

+964صورة من منصة (شبكة):