كێشە و داواكارییەكانتان بگەیەنن
لەمەودوا سێشەممان دەرگەی پارێزگاری كەركوك بۆ هاوڵاتیان كرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راگەیاندنی دیوانی پارێزگای كەركوك بڵاویكردەوە، لەمەودوا پارێزگار رۆژانی سێشەممە هاوڵاتیانی شارەكە دەبینێت، ئەوانەی داواكاری و كێشە و گرفتیان هەیە.
لە راگەیاندراوێكدا پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەداوە، ئەوانەی دەیانەوێت چاویان بکەوێت بە پارێزگاری کەرکوک رێبوار تەها، داواکارییەک پێشکەش بکەن کە وردەکاری داواکارییەکە و ژمارەی مۆبایلی تێدا بێت، بۆ ئەوەی هەموو سێشەممەیەک لە کاتژمێر نۆی بەیانی تا دوانزە نیوەڕۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزگار ئەنجام بدەن.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، ئیدارەی پارێزگای کەرکوک دووپاتی دەکاتەوە کە دەرگایان واڵایە بۆ وەرگرتنی داواکاری هاوڵاتیان و گرنگیدان بە کێشەکانیان.
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە 18.12.2023 و دوای نزیكەی هەشت مانگ و لە 13.8.2024 پارێزگاری نوێی كەركوك رێبوار تەها مەرسومی كۆماری بۆ دەرچوو، بە فەرمی دەستبەكار بوو.