"دوو بۆ سێ هەفتەى داهاتوو دەکەوێتەوەکار"
شەلالە بێنازەکەى پارکى منارە نۆژەن دەکرێتەوە
964+
وریا فەتاح
زیاتر لە 10 ساڵ بوو لە کار کەوتبوو، بەڵام جارێکى دیکە شەلالەکەى پارکى منارەى هەولێر جوانییەکانى نمایش دەکاتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى بڕیاردرا نۆژەن بکرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر بڵاوى کردەوە، تیمەکانیان دەستیان کردووە بە نۆژەنکردنەوەی شەلالی پاڕکی منارە.
وەک باسى دەکات، شەلالەکە یەکێک بوو لە جوانترین شەلالەلەکان لە تەواوی کوردستان و عێراق سەرنجى هاوشاریان و گەشتیارانی راکێشابوو، بەڵام ماوەی چەندین ساڵە لە کار کەوتبوو.
” دووبارە بڕیاردرا بە نۆژەنکردنەوەی شەلالەکە و لە ئێستادا تیمەکانمان لە بەشی هونەری و میکانیک و نافوورات سەرقالن بە شێوەیەکی مۆدێرن کاری پێبکەنەوە تاوەکو هاوشاریان ئاسوودە بن بەسەردانی کردنیان بۆ ئەم پاڕکە”، بەڕێوەبەرایەتییەکە واى نوسیوە.
لاى خۆیەوە رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر بە 964ـى وت،”نۆژەنکردنەوە زۆربەى بڕگەکان دەگرێتەوە، چونکە زیاتر لە 10 ساڵە لەکارکەوتووە، تا ئێستا 10 ملیۆن دینارمان لێداوە و بە 5 ملیۆن دینارى تر تەواو دەبێت”.
دەشڵێت: بەگشتى لە دوو بۆ سێ هەفتەى داهاتوو، شەلالەکە دەکەوێتەوەکار و دەمانەوێت بەردەوام ئیش بکات.