یەکگرتووی ئیسلامی بۆ سەرۆکی پەرلەمان: بەشداری کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردن ناکەین
+964
فەرمان سادق
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەڵامی داوایەکی سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی دانیشتنی پەرلەمان پێوەند بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کارا کردنەوەی کۆمسیۆن دەڵێن، ئامادە نابین.
رۆژی 26ـی مانگی رابردوو، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە، داوایان لێدەکات لە انیشتنەکانی پەرلەمان پەیوەندار بە پرسی کارا کردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، ئامادە بن.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کە ژمارەیان پێنج پەرلەمانتارە، لە یەکی تشرینی دووەم نامەی دەستلەکار کێشانەوەیان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی964ـی راگەیاند کە لە 29ـی کانونی دووەمی رابردوو، واتە سێ رۆژ پاش نامەکەی سەرۆکی پەرلەمان، وەڵامی نامەکەی سەرۆکی پەرلەمانیان داوەتەوە.
زیاتر وتی “وەڵامی نامەکەمان داوەتەوە و ئامادەی هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان نابین، لە یەکی تشرینی دووەم نامەی دەستلەکار کێشانەوەمان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، لەو نامەیدا هەڵوێستی خۆمان لەسەر پرسی هەڵبژاردن روونکردۆتەوە”.
لەبارەی ئەوەی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەرفەتی بەشداریکردنی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان هەیە بەوەی هێشتا دەستلەکار کێشانەوەکەیان نەخراوەتە دانیشتنی پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدراوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێ: چاوەڕێین نامەی دەستلەکار کێشانەوەمان بخرێتە دانیشتنی پەرلەمان و قبوڵ بکرێت، نەک بچینەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان.
جگە لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەوا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، نەوەی نوێ و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ، کە کۆی گشتییان دەبەن 16 پەرلەمانتار، دەستیانلەکار کشاندووەتەوە.