"بۆ رێگریکردن لە هەوکردن"
رێكخراوێكی ئەمریكی خولێكی راهێنان لە نەخۆشخانەی شار دەكاتەوە
964+
ژووری هەواڵ
رێكخراوێکی ئەمریكی خولێكی راهێنانی دوو رۆژەیی بۆ پزیشكان و پەرستاران و كارمەندانی بەشە جیاجیاكانی نەخۆشخانەی شاری فێركاری لە سلێمانی كردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13.11.2024، بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند تیمێكی پزیشكانی پسپۆڕی وڵاتی ئەمریكا، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک پرۆفیسۆر، پزیشکی دەرمانساز، پەرستار لە بوارە جیاجیاکان لە رێکخراوی گڵۆباڵ لیدەرشیپ ئینتەرەیشنی ئەمریکی، خولێکی راهێنانیان دەستپێکردووە.
“بابەتەكانی خولی ڕاهێنانەكە بریتیە لە رێگرتن لە هەوكردن لەپێش و دوای ئەنجامدانی نەشتەگەری، رێگاكانی پاككژكردن و نەهێشتنی هەوكردن و چارەسەركردنی بەركەوتووانی بەكۆمەڵ ، نەهێشتنی هەوكردن لەو نەخۆشخانەی شووشتنەوەی گورچیلەیان بۆ دەكرێت و كەمكردنەوە و نەهێشتنی هەوكردن لەو نەخۆشخانەی لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستكردن لەبەشی چاودێری وورد”، تەندروستی سلێمانی وا دەڵێت.
نەخۆشخانەی شار ناسراو بە نەخۆشخانە 400 قەرەوێلەییەکە، لەسەر شەقامی 60 مەتری شارەکە بەرچاوترین دەزگای تەندروستییە کە کارەکانی 24 کاتژمێە و بەردەوام پزیشک و کارمەند کاری تێدا دەکەن.
بە شێوەیەکی تێکرایی و بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی شار خۆی لە ئێستادا نەخۆشخانەکە 1400 کارمەند لە خۆ دەگرێت بە نزیکەیی و هەر بەپێی ئەو ئامارانەی نەخۆشخانەکە خۆی بڵاوی کردتەوە رۆژانە بە نزیکەیی یەک هەزار نەخۆشی تیدا دەبینرێت.