دەنگۆی دزینی داهاتی كارەبا هەیە

كارەبای سلێمانی: چەند فەرمانبەرێكمان بۆ لێكۆڵینەوە بانگكراون

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 12.11.2024 روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە، تێیدا رەتیدەكاتەوە هیچ بڕەپارەیەك لە داهاتی كارەبا دزرابێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێن چەند فەرمانبەرێكیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی كارەبای سلێمانی بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە كەیسێك بانگكراون.

بەڕێوەبەرایەتییەكە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دزینی داهاتی كارەبای سلێمانی بە كارێكی “چەواشەكاری” ناودەبات.

هاوكات تۆڕی 964 لە رێگەی پەیامنێری سلێمانییەوە پەیوەندی بە هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتییەكە و هەروەها پۆلیس و ئاسایشی سلێمانییش كرد، بەڵام هیچ لێدوان و زانیارییەكی فەرمی دەستنەكەوت.

دەقی روونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بەم جۆرەیە:

كەناڵێكی ئاسمانی بەشێوەیەكی چەواشەكارانە و بەرنامە بۆداڕێژراو لە پێناو لێدان لە شاری سلێمانی و دوور لە هەموو ئیتیكێكی رۆژنامەوانی، باس لە كەیسی دزینی دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناردەكات لە رێگەی وەسڵی بەتاڵەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی.

زانیارییەكانی ئەو كەناڵە پڕە لە هەڵە و ناوزڕاندن و تەشهیر بە فەرمانبەران و بەڕێوەبەرایەتیمان، بەوپێیەی راستەوخۆ ناوی فەرمانبەرەكان و پێگە و پلەكانیان دەهێنرێت، لێرەدا رایدەگەیەنین كە بابەتەكە هیچ پەیوەندی بە داهاتی كارەباوە نییە و هیچ بڕەپارەیەك لە داهاتی كارەبا نەدزراوە، تەنیا كەیسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان هەیە و بە بڕیاری دادوەر چەند فەرمانبەرێك بانگكراون بۆ لێكۆڵینەوە و یەك فەرمانبەر راگیراوە و لیژنەیەكی لیكۆڵینەوەش پێكهێنراوە و وردبینی لە دۆسێكاندا دەكەن و تائیستا لێكۆڵینەوە و رێكارە یاساییەكان بەردەوامە، چاوپۆشیش لە هیچ فەرمانبەرێك ناكرێت لەكەیسەكە تێوەگلابێت.

لە ئێستادا ئەم كەیسە ئاڕاستەی دادگای لێكۆڵینەوە كراوە و دادگا ئەو بابەتە یەكلادەكاتەوە، كە كێ تاوانبارە و كێش بێ تاوانە و بنەمایەكی یاساییش هەیە دەڵێت ” المتهم بریء حتى تثبت إدانته” بۆیە بۆ هیچ كەس و لایەنێكی راگەیاندن نییە لە بری دادگا بڕیار بدات بە تۆمەتباركردنی بەڕێوەبەرایەتییەك و فەرمانبەرەكانی، سەبارەت بەم بابەتە بە مافی خۆمانی دەزانین سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەناڵە تۆماربكەین.

وردەکاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی کارەبای سلێم...

وردەکاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی کارەبای سلێمانی