پێنجشەممە لە بەسڕە
هەڵبژاردەی ئوردن بە شاراوەیی خۆی بۆ یاریی عێراق ئامادە دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەڵبژاردەی ئوردن ئەمڕۆ دووشەممە ئامادەكارییەكانی بۆ یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026 دەستپێكرد و دەیانەوێت هەموو شتێكیش بە شاراوەیی بمێنێتەوە.
میدیای ئوردنی بڵاویانكردەوە، هەڵبژاردەی ئوردن رۆژی چوارشەممە روودەكەنە شاری بەسڕە، كە رۆژی پێنجشەممە بەرامبەر عێراق لەوێ یاریی دەكەن.
بە شێوەیەكی باو هەر تیپێك لە دەرەوەی وڵاتی خۆی یاریی هەبێت، بەلای كەمەوە دوو رۆژ زووتر دەچنە وڵاتی میواندار، بۆ ئەوەی لە كەشوهەوا و یاریگە رابێن، بەڵام ئوردنییەكان دیارە دەیانەوێت مەشق و ئامادەكاری و پلانی یاریكردنیان بە شاراوەیی بهێڵنەوە.
هەروەها بە پێی میدیای ئوردنی، هەڵبژاردەی نەشامە دەیانەوێت خۆیان لە فشاری جەماوەر و میدیای عێراقی بپارێزن و بە ئارامی خۆیان بۆ یارییەكە ئامادە بكەن.
عێراق و ئوردن هەریەكەی 7 خاڵیان هەیە لە كۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026 لە كیشوەری ئاسیا و هەریەكەیان دەیەوێت پلەی دووەم بە تەنیا بگرێت، لە كاتێكدا كۆریای باشوور لە پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەیە بە 10 خاڵ.
دوایاریی عێراق و ئوردن لە قۆناغی 16ی جامی ئاسیای 2023 بوو لە قەتەڕ، كە ئوردن یارییەكەی بە 3-2 گۆڵ بردەوە، لەو یارییەی كە ئەیمەن حوسێنی یاریزانی عێراق دوای تۆماركردنی گۆڵێك بە كارتی سوور دەركرا.