بۆ ئه‌وه‌ى لافاو دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌

رووباره‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى ناو دهۆک فراوان ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ دهۆک شاره‌وانى خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ و فراوانكردنى رووباری هیشكه‌ڕۆیه‌ بۆئه‌وه‌ى مەترسی دروستبوونى لافاو له‌و رووباره‌ دووربخرێته‌وه‌، به‌رپرسی راگه‌یاندنى شاره‌وانیش ده‌ڵێت، هه‌ندێك شوێنى رووباره‌كه‌ تاوه‌كو 15 مه‌تر فراوان ده‌كرێت.

له‌ دهۆک، رووبارى هیشكه‌ڕۆ، یه‌كێكه‌ له‌و شوێنه‌ مه‌ترسیدارانه‌ى كه‌ له‌ وه‌رزى بارانباریندا مه‌ترسی كۆبوونه‌وه‌ى ئاو و دروستبوونى لافاوى لێده‌كرێت و له‌ دوو ساڵى رابردووشدا دروستبوونى لافاو له‌ دهۆك سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌م رووباره‌وه‌ بووه‌.

رووباره‌كه‌ به‌ درێژى پێنج كیلۆمه‌تر به‌ناو به‌شێكی پارێزگاى دهۆكدا تێده‌په‌ڕێت.

ئیسماعیل مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى شاره‌وانى دهۆک به‌ 964 راگه‌یاند، ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ تیمه‌كانیان كارى پاككردنه‌وه‌ له‌و رووباره‌ ده‌كه‌ن و ئێستاش قۆناغى فراوانكردنى رووباره‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

وتیشی “له‌ زۆربه‌ى شوێن رووباره‌كه‌ پێویستى به‌ فراوانكردن هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئاوى باران له‌ هیچ شوێنێك ته‌وژم و شه‌پۆل دروست نه‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا 15 مه‌تر ئه‌و شوێنانه‌ى رووباره‌كه‌ فراوان ده‌كرێت”.

لافاوه‌كه‌ی ساڵى پارى دهۆک كه‌ چەند رۆژێكی خایاند، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەست دا و زیانی بە نزیکەی 160 خانوو گەیاند، هەروەها0 ژمارەیەک خێزانیش بەهۆی رووخانی خانووەکانیانەوە ماڵ و حاڵیان به‌جێهێشت و چه‌ندین پارك و درەختیش زیانیان به‌ركه‌وت.

رێک لە شوێنی لافاوەکەی ساڵی رابردوو ئۆتۆمبێلیان راگرت...

رێک لە شوێنی لافاوەکەی ساڵی رابردوو ئۆتۆمبێلیان راگرتووە