نرخی دۆلار گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژووی عێراقدا
964+
هێمن بەکر
نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە سەرو 170 هەزار دینار، کە یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا بگاتە ئەو ئاستە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی شوباتی 2023، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی بەغدا گەیشتە 170 هەزار دینار، لە هەولێر گەیشتە 170 هەزار و 500 دینار.
کەمتر لە دوو مانگە، نرخی دۆلار ناجێگیرە، بەردەوام نرخەكەی لە هەڵكشان و داکشاندایە، هاوڵاتیان نیگەرانن لەوەی ئەوە کاربکاتە سەر نرخی خواردن و شتومەک.
لای خۆیانەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق بەڵێنیانداوە کاربکەن بۆ دابەزاندنی نرخەکەی، بەجۆرێک هەر 100 دۆلارێک یەکسان بێت بە 146 هەزار دینار.
بۆ ئەو مەبەستە سبەینێ شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ شاندێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا کۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ گرانی نرخی دۆلار لە بەرانبەر دینار.
رۆژی 8ی ئەم مانگەش شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە، دەچێتە واشنتۆن و بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆدەبنەوە.