بە مۆبایل کارەکەی کردووە
ئەو تۆمەتبارەی نوسینگەی دراوەکەی تەقاندەوە لە سلێمانی دەستگیرکرا
964+
ئەحمەد مستەفا
ئاسایشی نیشتمانی بە هاوبەشی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی، دوای ئۆپەراسیۆنێکی چاودێری ورد، تۆمەتباری تەقینەوەی بۆمبە چێندراوەکەی پێش نوسینگەیەکی ئاڵوگۆری دراویان لە کەرکوک دەستگیرکرد.
تۆمەتبارەکە دوای رووداوەکە بەرەو سلێمانی هەڵاتووە.
ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، دوای شەش رۆژ لە ئەنجامدانی تاوانەکە کە بە ئامێرێکی تەقەمەنی ئەنجامیدا و بەهۆیەوە خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوەکە و هاوسەرەکەی برینداربوون، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لە سلێمانی، توانیان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، تۆمەتبار چەند جارێک چاودێری شوێنی ئامانجەکەی کردووە، لەوێ تەقینەوەکەی لەناو جانتایەکدا شاردووەتەوە و لەبەردەم شوێنەکە دایدەنێت، دواتر بەبەکارهێنانی مۆبایل لە دوورەوە تەقاندویەتیەوە، پاش هەڵاتنی بۆ سلێمانی و دوای دیاریکردنی شوێنی مانەوەی، مەفرەزەکان رەزامەندی دادوەریان وەرگرتووە، بۆ دەستگیرکردنی بەپێی بڕگەکانی ماددەی (4)ی تیرۆر.
رۆژی 5.10.2024 و كاتژمێر 9:30ی بەیانی، بۆمبێكی چێنراو لە بەردەم نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەكی موسەڵای كەركوك تەقییەوە و لە ئەنجامدا پێنج كەس بریندار بوون، كە یەكێكیان خاوەنی نووسینگەكەیە بە ناوی سایغن هاجەر ئۆغلو و بەرپرس بووە لە بەرەی تورکمانی.
ئەوکات، بەرەی توركمانی راگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوە، كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، تێیدا ئیدانەی كارەكە دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو كارە بە ئامانجگرتنی سایغن هاجەر ئۆغلو بووە، كە یەكێكە لە بەرپرسانی بەرەكە و بەڕێوەبەری ماڵی توركمانە لە كەركوك.