"پێدەچێت نەخنکابێت"
نزیکەی دوو مانگ بەسەر خنکانی گەنجەکەی دەربەندیخان تێپەڕی و تەرمەکەی نەگەڕێنراوەتەوە
964+
شۆڕش قادری
نزیکەی دوو مانگ بەسەر خنکانی گەنجەکەی دەربەندیخان لە نۆکەندی ئینگلیز تێپەڕی و هێشتا تەرمەکەی نەگەڕێنراوەتەوە، بەقسەی قایمقامی دەربەندیخان، لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری رووداوەکە، هێنانەوەی تەرمەکەی دواخستووە.
رۆژی 15.9.2024 بەلەمێكی کۆچبەران بە 60 سەرنشینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان دیاری کامەران گەنجێکی خەڵکی دەربەندیخان بوو، هەر ئەو کات بە هەماهەنگی کەسوکارەکەی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هاتنەخەت بۆ ئەوەی تەرمەکەی بگەڕێننەوە زێدی خۆی، بەڵام تا ئێستا نەگەڕێنداروەتەوە.
پاش نزیکەی مانگێک هێشتا تەرمی دیاری کامەران نەگەڕێندراوەتەوە زێدی خۆی
سلێمان محەمەد قایقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “هەرچەندە هێنانەوەی تەرم لە فەڕەنساوە زۆری پێدەچێت، بەڵام بەگومانی من لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی رووداوەکە، گەڕاندنەوەی تەرمی دیاری کامەرانـی دواخستووە”.
ئاشکراشی کرد، “لێکۆڵینەوەکان بەدوو ئاراستەدا رۆیشتوون، یەکێکیان دەوترێت کە خنکاوە و ئەوەی دیکەشیان گومان دەکرێت، ژێر دەست و پێ کەوتبێت چونکە دەوترێت رووداوەکە پاش ئەوە روویداوە کە نزیکەی 50 کەس پێکەوە و لەپڕدا چوونەتە ناو بەلەمەکە”.
قایقامی دەربەندیخان وتیشی، داوای لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا کردووە، بەهەموو توانایانەوە هاوکاری خانەوادەی دیاری کامەران بکەن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی لە زووترین کاتدا.
دیاری کامەران تەمەنی نزیکەی 25 ساڵە و دانیشتووی گوندی ئاوبارە بوو لە قەزای دەربەندیخان، لەگەڵ باوکی بەیەكەوە رۆیشتوونەتە دەرەوەی وڵات و بەنیازبوون خۆیان بگەیەنە بەریتانیا، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و رۆژی یەکشەممە 15.9.2024 بەلەمەکەیان کە نزیکەی 60 کۆچبەری هەڵگرتبوو، لە نۆکەندی ئینگلیز پەکی کەوت و دیاری کامەران و حەوت کەسی تر خنکان، بەڵام باوکی بە سەلامەت دەرچوو.