لە ماوەی دوو رۆژدا هەزار و 250 کەس تووشبوون
نەخۆشی سکچوون و رشانەوەکەی شارەزوور تادێت زیاد دەکات
+964
ژێوار خدر
تا دێت رێژەی تووشبووانی نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە شارەزوور زیاد دەکات و بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکە لە ماوەی دوو رۆژدا هەزار و 250 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون.
کەمال تاوەگۆزی، راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور بە 964ـی وت، لە کاتژمێر 12:00ەی نیوەڕۆوە تا کاتژمێر 8:00ـی ئێوارە 450 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
وتیشی، ژمارەکە لە زیادبووندایە و تا ئێستاش نەخۆشێکی زۆر روودەکەنە نەخۆشخانەکە.
سەبارەت بە دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە، کەمال تاوەگۆزی وتی، بەشی پاراستنی تەندروستیی سلێمانی، قایمقامیەتی شارەزوور تیمیان ناردووە و سامپڵی نەخۆشەکان و سامپڵی ئەو ئاوەیان وەرگرتووە، کە لە بەشێک لە ماڵەکان رەنگی گۆڕاوە وەرگرتووە و نێردراوە بۆ پشکنین، لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێریشدا ئەنجامی پشکنینەکان دەردەچن، بەڵام تا ئێستا گومانەکان بەو ئاڕاستەیەن کە تێکەڵبوونی ئاوی قورس بێت بە ئاوی خواردنەوەی ماڵان.
روونیشیکردەوە، رێنماییەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە هەمان رێنماییەکانی خۆپارێزین لە نەخۆشی کۆلێرا، ئەگەرچی جۆری نەخۆشییەکە جیاوازە و کۆلێرا نییە.
“پێویستە هاوڵاتیان دەستیان بشۆن و ئاو بێ کوڵاندن نەخۆنەوە، بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ کەسی تووشبوو نەبێت و خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبوو.” کەمال تاوەگۆزی وای وت.