كێشەكە چییە؟
ژووری بازرگانیی هەولێر و بارزگانی كوردستان ناڕەزاییەكانیان دەگەیەننە سودانی
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر و چەند یەكێتییەكی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەر رێگریكردن لە گواستنەوە و هەناردەكردنی كاڵا و كەلوپەلی كارگەكانی كوردستان بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق هەراسانن و نامەیەكی كراوەیان ئاراستەر سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد.
ژووری بارزگانی و پیشەسازیی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.11.2024 لە راگەیاندراوێكدا ئەو نامەیان بڵاوكردەوە، كە ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانیان كردووە.
ژوورەكە دەڵێن، بەهۆی بەردەوامی لە رێگری لە کاڵا و بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازگەکانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە یەکێتی و رێکخراوی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.11.2024 نامەیەکی کراوە ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر رێگرییە بەردەوامەکان و دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە بۆیان بە بیانوی جۆراوجۆر دەخەنەڕوو، کە پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
964 دەقی نامەكەی كردووە بە كوردی، كە بە عەرەبی نووسراوە و بەم جۆرەیە:
بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی
سڵاو و رێز
بەداخێکی زۆرەوە لەم دواییانەدا ئاستەنگێکی زۆر لە رێگەی جوڵەی بازرگانی لە خاڵەکانی کۆنترۆڵکردنی پەڕینەوە بۆ ئۆتۆمبێلی بارکراو بە بەرهەم لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە دانراوە.
لای ئێوە شاراوە نییە کە دانانی بەربەست لە بەردەم جووڵەی بازرگانیدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای مادەی (24)ی دەستووری عێراقە، کە تێیدا هاتووە دەوڵەت گەرەنتی ئازادی هاتوچۆی کار و کاڵا و سەرمایەی عێراق دەکات لە نێوان هەرێم و پارێزگارەکاندا.
جگە لەوەش دانانی بەربەست لەبەردەم جووڵەی بازرگانیدا ڕێگری لە پرۆسەی گەشەسەندن و یەکگرتنی ئابووری عێراق دەکات، سەرەڕای پەسەندکردنی پلان و رێکارە گرنگەکانتان بۆ بەدیهێنانی.
ئێمە وەك ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و ژمارەیەک رێکخراوی کەرتی تایبەت، کە نوێنەرایەتیی ناوەندە بازرگانی و پیشەسازییەکان دەکەین، بانگەواز لە بەڕێزتان دەکەین راستەوخۆ و بەپەلە دەستوەردان بکەن لە لابردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی کە رێگری لە تێپەڕبوونی كەلوپەل و بەرهەمە ناوخۆیی و هاوردەكراوەكان دەکەن لە هەرێمی کوردستان – عێراقەوە بۆ پارێزگا و شارەکانی دیكەی عێراق، بەو پێیەی رێژەیەک زۆر پێویستی رۆژانە بۆ دامەزراوە بەرهەمهێنەر و خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتیان بە گشتی پێكدەهێنن.
هیوادارین رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانە.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و پێزانین
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر
یەکێتی هەناردەکاران و هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان
یەکێتی بازرگانانی هەرێمی کوردستان
یەکێتی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان
یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان
ژووری بازرگانانی هەولێر و ئورفا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەن