بارین "هەموومان لەگەڵتین"
شێروانە هاندەران ئاگادار دەکاتەوە سبەینێ سندوقى هاوکارى بۆ بارین دادەنێن
964+
وریا فەتاح
یانەى شێروانەى گەرمیان بۆ هاوکارى بارین هاتەسەرخەت و هاندەران ئاگادار دەکات، سبەینێ سندوقى هاوکارى دادەنێن و بەشێک دەبن لە هەڵمەتى هاوکارى بۆ رزگارکردنى ژیانى ئەو منداڵە.
بارین، هاندەرە سەرسەختەکەى یانەى نەورۆز و ئەو منداڵەى بەدەست نەخۆشى پەککەوتنى سییەکان ناچار بەوە بووە بوتڵى ئۆکسجین هاوڕێى بێت، لە هەفتەى رابردووەوە بووە بە وێرد و بڵاوبوونەوەى وێنەیەکى لە ناو یاریگاى نەورۆزى سلێمانى، دەنگى وەرزشى هەرێمى کوردستانى یەکخست.
پێشتر هاندەران و یانەکانى هەولێر و دهۆک و زاخۆ و نەرۆز، دەستیانکرد بە هەڵمەتى کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ بارینى تەمەن حەوت ساڵ، بڕیاریشە سبەینێ پێنجشەممە، یانەى وەرزشى شێروانە سندوقى هاوکارى بۆ بارین دابنێن.
بارین منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵی شاری سلێمانییە، نەخۆشی پەککەوتنی سییەکانی هەیە و حەز و خولیایەکی زۆری بۆ یاری تۆپی پێ هەیە، بە جۆرێک بۆ زۆربەی یارییەکان خۆی و باوکی لە یاریگەکان ئامادەن، بە تایبەتی لە یارییەكانی یانەی نەورۆز لە سلێمانی.
ئەو منداڵە ئیستا پێویستی بە چارەسەرە و هاندەرانی وەرزشیش لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، کۆمەکی بۆ کۆدەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2024 لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی نێوان یانەی نەورۆز و گەرمە لە یاریگای نەورۆز، بارین بینەری یارییەکە بوو، هاوکات کۆمەکی بۆ کۆکرایەوە.
یاسین لوقمان، باوکی بارین بە 964ـی وت، لەلایەن هاندەرانی یانەی نەورۆزەوە هاوکاری بۆ بارین کۆکراوەتەوە و لە هەریەکە لە شارەکانی هەولێر و دهۆکیش کۆکردنەوەی کۆمەک بەردەوامە.
وتیشی، “بەهیوان بتوانن بارین ببەنە دەرەوەی وڵات و چارەسەری بۆ بکەن”.
بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، لە گەڕى یەکەمى خولى نایابى کوردستان، یانەى شێوانە لە باریگاى خۆى میواندارى یانەى هەندرێن بکات.