ئەگەر بێکاری
هەژماری ئەلیکترۆنی دروست بکە بۆ ئەوەی کارت دەستکەوێ
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی بانگهێشتی ئەو کەسانە دەکات کە بێکارن و بەدوای کاردا دەگەڕێن، دەڵێت وەرن ناوتان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی هەلی کار بدۆزنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێر، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هاوڵاتیان بانگهێشت دەکەین بۆ بەشداریکردن لە کەمپەینی “راگەیاندن و بەکارخستنى پلاتفۆڕمى هەلى کار” لە پێشانگایەکی تایبەتدا، کە رۆژی یەکشەممە 9.11.2024 لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت.
عەبدولڕەحمان خدر، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێر بە 964ـی وت، ئێستا پڵاتفۆرمەکە ئامادەیە و بەشێوەی تێست کاری لەسەر دەکرێت، لە رۆژی یەکشەممەوە بەردەست دەبێت و هاوڵاتییان دەتوانن سودی لێ ببینن و هەژماری تایبەت بەخۆیان دروست بکەن بەهەمان شێوە کۆمپانیاکانیش لە رێگەی پڵاتفۆرمەکەوە دەتوانن هەلی کارەکانییان دابنێن و بەدوای کارمەندی گونجاودا بگەڕێن.
سەبارەت بە چۆنیەتی دۆزینەوەی کار لەسەر پڵاتفۆرمەکە روونیکردەوە، هەم خاوەنکار و هەم ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، خاوەنی هەژماری خۆیان دەبن و کارەکان بەپێی تایبەتمەندی و پیشەکان جیاکراونەتەوە، ئەو کەسەی کە گەڕان دەکات راستەوخۆ ئەو هەڵبژاردنانەی دێتە بەردەست کە لەگەڵ داواکاری و تایبەتمەندییەکانی خۆی دەگونجێن، لە هەمان کاتدا دەتوانێت بە گشتیش سەرجەم هەلی کارەکانی پڵاتفۆرمەکە ببینێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسانەی رۆژی یەکشەممە لە پێشانگەکە ئامادە دەبن راستەوخۆ هەژماری تایبەت بە خۆیانیان بۆ دروست دەکرێت، وە هەمان رۆژ کۆمەڵێک کۆمپانیاش ئامادەی پێشەنگاکە دەبن، کە پێویستییان بە کارمەندە و هەلی کار دەڕەخسێنن، دوای پێشانگەکەش لینکی پڵاتفۆرمەکە بڵاودەکرێتەوە و خوازیاران دەتوانن لە رێگەی لینکەکەوە خۆیان تۆمار بکەن و بەدوای کاردا بگەڕێن.
کاتی سەردانیکردن بۆ ناو تۆمار کردن لە کاتژمێر 10ـی بەیامی بۆ 7ـی ئێوارە رۆژی یەکشەممە دەبێت.