"بەدەیان ئۆتۆمبێل ماونەتەوە"
ناونووسینی هاوڵاتیان لە لیوایەک ئاستەنگی هاتوچۆی لە رێگای قەڵادزێ-رانیە دروست کردووە
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
بەهۆی ناونووسینی هاوڵاتیان بۆ هێزێکی ئۆپەراسیۆن، قەرەباڵغی لەسەر رێگای قەڵادزێ بۆ رانیە دروست بووە و ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە.
عوسمان عەلی شۆفێر و هاوڵاتییەکی دەڤەری راپەڕین بە 964ـی وت، “چوار کەسم پێیە و دەمەوێت بچم بۆ رانیە، بەڵام نزیکەی دوو کاتژمێرە بەهۆی قەرەباڵغییەوە رێگاکە گیراوە و چاوەڕێی کردنەوەی رێگاکەم”.
“بەدەیان ئۆتۆمبێل لێرە وەستاون و ماونەتەوە، نەدەبوو لەسەر شەقامەکە ئەم لیوایە ناوی خەڵک بنووسێت و رێگا سەرەکییەکە بگرن، چونکە هەیە نەخۆشی پێیە و زەروورە، بۆ دوو کاتژمێری دیکەش ئەم رێگایە ناکرێتەوە”، عوسمان عەلی وای وت.
هاوکات عەبدوڵا عەباس بەڕێوەبەری ناحیەی ژاراوە بە 964ـی وت، “لەناو لیوایەک ناوتۆمارکردن هەیە و ژمارەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ناویان تۆمار بکەن زۆرە و نایەڵن بچنە ژوورەوە، هەر بۆیەش ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگای قەڵادزێ بۆ رانیە دروست بووە”.
وتیشی، “پۆلیسی هاتوچۆمان ناردووە و وردە وردە رێگاکە دەکەنەوە”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری