بڕیارى ئازادکردنیان بۆ دەرچوو
تۆمەتبارانى سووتانى بازاڕەکان هەولێر و کەرکوک و دهۆک بێتاوان دەرچوون
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
ئەو سێ کەسەى بە تۆمەتى سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکوک دەستگیرکرابوون، لەلایەن دادگاى رەسافەوە بڕیارى ئازادکردنیا بۆ دەرچوو.
بەپێى نوسراوێکى فەرمى سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى رەسافە کە بەرروارى ئەمڕۆ سێشەممە 5.11.2024ـى لەسەرە وێنەیەکى تایبەت بە 964 گەیشتووە، تێیدا هاتووە کە بەهۆى نەبوونى بەڵگە لەسەریان، پێویستە هەرسێ تۆمەتبار، هونەر فەخرەدین و محەمەد نەجات و سیروان حوسێن، بە زوترین کات ئازاد بکرێن.
ئەو کەسانە تۆمەتبارکرابوون بە سووتاندنى بازاڕى قەیسەر و لەنگەى هەولێر و بازاڕەکەى کەرکوک و بازاڕى چەلێى دهۆک.
بەپێى بڕیارەکەى دادگاى رەسافە بێت، دەبێت، لەگەل ئازادکردنیان ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەى لەکاتى دەستگیرکردنیاندا دەستى بەسەرداگیراوە، پێیان بدرێتەوە.
رۆژى 1.7.2024، هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمی کوردستان، لە بارەى ئاشکراکردنى ئەو کەسانەى لە پشت سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکوکەوە بوون، کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیى هاوبەشیان ئەنجام دا و جەختکرایەوە کە بکەرانى ئەو ئاگرانە، گرووپێکى سەر بە پەکەکەن.
لە کۆنگرەکەدا، میقداد میرى، وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، چەند کەسێکیان بە تۆمەتى سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکووک، دەستگیرکردووە، کە ئەندامى (پەکەکەن).
تۆمەتبارانى سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر دهۆک و کەرکوک ئاشکرا کران
تۆمەتبارەکان هێنرانە بەردەم کامێراى کەناڵەکانى راگەیاند کە سێ کەس بوون، بە وتەى میقداد میرى لە کۆتایى 2023 و سەرەتاى 2024، ئەو تۆڕە لە پشت سوتاندنى بازاڕە میللییەکانى دهۆک و هەولێر و کەرکوکەوە بوون.
بە وتەى وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، گروپەکە سەرەتا لە کەرکوکەوە دەستیان پێکردووە و دواتر چوونەتە هەولێر و لە کۆتایى 2023 بازاڕى لەنگەیان سووتاندووە، دواتر لە سەرەتاى 2024 لە نزیک قوشتەپە کۆگایەکیان سوتاندووە، لە رۆژى 8.4.2024 بۆ دووەم جار بازاڕى لەنگەیان سووتاندووە و لە 1.4.2024یش بازاڕى چەلێیان لە دهۆک سوتاندووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح