پزیشكیان قسه‌ى خۆى گه‌یانده‌ جێ

جێگره‌ كورده‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى ئێران به‌ مه‌رسومێكی كۆمارى ده‌ست به‌كار بوو

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى رێگرى كردن له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ عەبدولکەریم حسێن زادە، ببێته‌ جێگری سەرۆک كۆمار بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە دوورە دەستەکان، پزیشكیان مه‌رسومێكی كۆمارى بۆ دەستبەکاربوونی ناوبراو ده‌ركرد وه‌كو جێگرى خۆى ناساند.

حسێن زادە بە یەکەم ئەندامی سوننە لە کابینەکەی مەسعود پزشکیان دادەنرێت كه‌ پۆسته‌ باڵایه‌ وه‌رده‌گرێت، ئەوەش باڵاترین پۆستە کوردێکی سونە لە ماوەی 45 ساڵی رابردوودا وەریبگرێت.

ماڵپه‌رى فه‌رمى ئێران (ئیرنا)ی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، دوێنێ شەممە بڵاویکردەوە، كه‌ مەسعود پزشکیان مەرسومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربوونی عەبدولکەریم حسێن زادە، وەک جێگری سەرۆک بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە دوورە دەستەکان دەرکردووە و دەستبەکارەکانی دەکات.

ئاماژەی بەوەکردوە، كه‌ حسێن زاده‌ لەپێناو باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی گوندنشینان بۆ بەدیهێنانی ئابووری خۆبژێویی و بەدوادچوونی کاروبارەکان، کارەکانی ئەنجام بدات.

مانگی ئابی ئەمساڵ، مەسعود پزشکیان، عەبدولکەریم حسێن زادەی نوێنەری شارەکانی شنۆ و نەغەدەی لە پەرلەمانی ئێران، وەک جێگری سەرۆک کۆمار دەستنیشان کرد، بەڵام نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) بە زۆرینەی دەنگ، دەستلەکارکێشانەوەی حسێن زادەیان رەتکردەوە، رێگرییان كرد كه‌ ناوبراو وەک جێگری سەرۆک‌ کۆمار دەست بەکاربێت.

پەرلەمانی ئێران بە 129 دەنگی نەخێر، بەرامبەر 107 دەنگی بەڵێ و پێنج دەنگی بێلایەن، دەستلەکارکێشانەوەکەیان رەتکردەوە.

حسێن زادە، تەمەن 44 ساڵە، ئەندازیارە، نوێنەری شارەکانی شنۆ و نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە لە پەرلەمانی ئێران و ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە بووە لە خولەکانی نۆیەم و دەیەمی پەرلەمانی ئێران و به‌هۆى ئه‌م مه‌رسوومه‌وه‌ دەبێتە تاکە کوردی سوننە مەزهەب لە کابینەی 14ـه‌مینی حکومەتی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی، ئەو پۆستە باڵایە وەربگرێت.

پێشتریش ئارەش زرەتەن لهۆنی، بەهەمان شێوە کە هاوڵاتیەکی سوننە مەزهەبە، مانگی رابردوو و بە دەنگی ئەنجومەنی وەزیران وەک پارێزگاری کوردستان (سنە) هەڵبژێردرابوو.

سەردانەکەی پزیشکیان بۆ بەغدا و هەولێر رێکەوتە یان پلان...

سەردانەکەی پزیشکیان بۆ بەغدا و هەولێر رێکەوتە یان پلان بۆ داڕێژراو