لە بەردەم زانکۆی راپەڕین
بەشێک لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان گردبوونەوە
964+
محەمەد عەلی – راپەڕین
بەشێک لە سێ یەکەمەکانی ساڵانی رابردووی زانکۆ و پەیمانگاکانی دەڤەری راپەڕین دژی دامەزراندنی وانەبێژان ناڕەزاییان دەربڕی و لە بەردەم زانکۆی راپەڕین گردبوونەوە.
لاڤە محەمەد کە دەرچوویەکی دانەمەزراوە، بە 964ـی وت، “حەقمان خوراوە و کەسانی ناشایست و ژمارەیەک وانەبێژ بە کۆنمرەی 50 و تەنانەت هەندێکیان بە بڕوانامەی دیپلۆم، لە شوێنی ئێمە دانراون و دامەزراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بارودۆخێکی دەروونی زۆر خراپتدان و هەرچەندە پێشتر چەندین جار بەڵێنیان پێدراوە دابمەزرێن، بەڵام تەنها قسە بووە و جێبەجێ نەکراوە.
لاڤە محەمەد وتیشی، بڕیاری دامەزراندنی وانەبێژان وادەکات کە ئاستی ئاکادیمی زانکۆ و پەیمانگاکان داببەزێت و خوێندکارانیش لە بەدەستهێنانی بڕوانامە و نمرەی بەرز سارد دەبنەوە.
بەشداربووانی گردبوونەوەکەی بەردەم زانکۆی راپەڕین راشیانگەیاند، ئەگەر ئەمجارە بەکرداریی وەڵام نەدرێنەوە، سکاڵا لە دادگا تۆمار دەکەن.
ماوەی چەند رۆژێکە دامەزراندنی نزیکەی 400 وانەبێژ لە زانکۆی راپەڕین دەنگدانەوەى لێکەوتووتەوە و بەرپرسانى زانکۆى راپەڕین تۆمەتبارکراون بەوەى کە لێهاتوویی و شایستەییان رەچاو نەکردووە و کەسوکارى خۆیان دامەزراندووە، هەر ئەمڕۆش یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکە دەستى لەکارکێشایەوە و داواى لێبوردنی کرد.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری