فرۆش لە پار زیاتر بووە.
نزیکەى 300 هەزار میوان سەردانى فێستیڤاڵى هەناریان کردووە
964+
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
کشتوکاڵ و گەشتوگوزارى هەڵەبجە ئامارى سەردانیکەران و فرۆشیان لە فێستیڤاڵى هەنار بڵاو کردەوە و ئاشکرایان کرد، نزیکەى 300 هەزار سەردانیکەر هەبووە و باى یەک ملیار و 435 ملیۆن دینار هەنار و بەرهەمەکانى دیکە فرۆشراون.
هاشم عەلى، وتەبێژى کشتوکاڵى هەڵەبجە، بە 964ـى وت،”بەپێى خەمڵاندنى لیژنەکانى فێستیڤاڵى هەنار و پایزەى هەڵەبجە، بە بەهاى 1 ملیار و 435 ملیۆن دینار فرۆش هەبووە، ئەوەش زیاترە لە ساڵى رابردوو کە باى 1 ملیار و 350 ملیۆن دینار، هەنار و بەرهەمەکانى دیکە فرۆشرا بوون”.
لە بارەى ئامارى گەشتیاران و میوان و سەردانیکەرانى فێستیڤاڵ، هەورامان جەلال، وتەبێژى گەشتوگوزارى هەڵەبجە بۆ 964 وتى،” رۆژى یەکەم 80 هەزار گەشتیار و سەردانیکەر هەبووە، رۆژى دووەم 110 هەزار و رۆژى سێیەم 100 هەزار، بەمەش نزیکەى 300 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە”.
پێشتر رێکخەرانى فێستیڤاڵەکە بە 964یان وتبوو، ئەمساڵ چاوەڕێى 300 هەزار میوان و فرۆشى سەرووى سێ ملیار دینار دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح