”چیتر بەدەنگی ناخۆش بانگ نادرێت“

ئەوقافی قەڵادزێ بانگدانی مزگەوتەکان رێکدەخاتەوە

+964

محەمەد عەلی ــ پشدەر

تێبینەرایەتیی ئەوقافی قەڵادزێ، لە رێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنیەوە، بانگدانی مزگەوتەکان رێکدەخاتەوە، لە هەموو مزگەوتەکانی پشدەر، بەیەک دەنگ و سات بانگ دەدرێت، بەڕێوەبەری ئەوقافی پشدەریش دەڵێت، %95ـی کارەکە تەواو بووە.

هیوا قادر، بەڕێوەبەری تێبینەرایەتیی ئەوقافی قەڵادزێ، ئەمڕۆ شەممە 2.11.2024، بە 964ـی وت، “بە بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف لە هەموو شار و شارۆچەکانی هەرێمی کوردستاندا، یەک بانگی بە سیستم دەکرێت، ئێمەش وەک تێبینەرایەتیی ئەوقافی قەڵادزێ %95ـی کارەکانمان تەواو کردووە، لە مانگی داهاتوودا، بەیەک دەنگ لە هەموو بڵندگۆی مزگەوتەکانی پشدەردا بانگ دەدرێت”.

شێوازەکە بە شێوەی یەک بانگی دەبێت، بانگەکە ئەلیکترۆنی نییە، لە پشدەر لە دوو مزگەوتدا، لە رێگەی چەند کەسێکی دەنگ خۆشەوە بانگ دەدرێت، ئەو سیستمەی کاری تێدا دەکەن، دەنگەکە دەچێتە بڵندگۆی هەموو مزگەوتەکانی پشدەر، بە هەر پێنج ناحیەکانیشەوە، بە دروستی و بە دەنگی خۆش و لەیەک کاتدا بانگ دەدرێت.

“ئامانجمان لەوکارە، فەرمانبەری بانگبێژمان کەمە، هەشە دەنگی خۆش نییە یان بانگی دروست نییە، یان بە چەند دەقەیەک پاش و پێش دەکرێت لە کاتەکانی بانگدا، بۆیە ئەم گرفتانە نامێنن و بە شێوەیەکی شەرعی لەیەک کاتدا بانگ دەدرێت”، بەڕێوەبەری ئەوقافی قەڵادزێ وای وت.

بەڕێوەبەری تێبینەرایەتیی ئەوقافی قەڵادزێ لە رێگەی تۆڕی 964ەوە داوا لەو کەسانە دەکات کە دەنگیان خۆشە، سەردانیان بکەن دوای هەڵسەنگاندن ئەوانەی شیاون بۆ بانگدان، هەڵدەبژێردرێن و لە رێگەی خشتەیەکەوە لە کاتەکانی بانگدا بانگدەدەن، ژمارەی بانگ بێژەکانیش 10 بۆ 15 بانگبێژی دەنگخۆش هەڵدەبژێرین.

ئەو فەرمانبەرانەی کە بانگبێژن و موچەیان هەیە، ئەوانیش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت لەگەڵ ئەوکەسانەی پەیوەندیمان پێوەدەکەن، کە بۆبانگدان شیاو بوون کێشەیەکیان نییە، ئەگەریش شیاو نەبوو ئەو کەسە بۆ بانگدان، یان ئیمامەتیان پێدەکەن یا دەیان کەن بە کارگوزاری مزگەوتەکان، بەو موچەیەی خۆیانەوە.

لە قەزای پشدەر نزیکەی 300 مزگەوت هەن، نزیکەی 25 فەرمانبەری قورئان خوێن و بانگبێژیان هەیە، ئەوانیتر کەسانی خۆبەخش مزگەوتەکان بەڕێوەی دەبەن. 

پێداچوونەوە: هاوبەش

لە سنووری پارێزگای سلێمانی سیستمی بانگدان یەکدەخرێت

لە سنووری پارێزگای سلێمانی سیستمی بانگدان یەکدەخرێت