چی بۆ بازرگانانی هەولێر پێیە؟

بەڕێوەبەری بەندەری مێرسین سەردانی هەولێر دەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بڕیارە بەم زووانە بەڕێوەبەری بەندەری مێرسین سەردانی هەولێر بكات، سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێریش ئاشكرای كرد، بەندەرەكە بڕیاریداوە داشكان بۆ بازرگانانی هەولێر بكات.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە 964ی راگەیاند، دوای سەردانەكەیان بۆ شارەكانی مێرسین و ئۆرفا و بەندەری مێرسین، بەڕێوەبەری بەندەرەكە بڕیاری دا سەردانی هەولێر بكات و چاوەڕێی دەكەن.

وتیشی، “بەڕێوەبەری بەندەری مێرسین بڕیاریداوە داشكان بۆ بازرگانانی هەولێر بكات كاتێك لەمەودوا كەلوپەل و كاڵاكانیان لە رێگەی بەندەرەكەوە دەگوازنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕێی هاتنی دەكەین بۆ ئەوەی رێككەوتنێك واژۆ بكەین”.

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا شاندی ژووری بازرگانیی هەولێر سەردانی مێرسین و ئۆرفایان كرد و لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەو شارانەی باكووری كوردستان و پیاوانی كاری ئەوێ كۆبوونەوەیان كرد و بڕیارە بەم زووانە یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئۆرفا واژۆ بكەن، ئەمە جگە لەوەی ژووری بازرگانیی ئۆرفا بانگهێشتی بازرگانانی هەولێریان كردووە بۆ سەردانی ئەوێ و بینینی كار و كارگەكان و بازرگانانی شارەكە.

سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێر دەڵێت، ئامانجی سەردانەكەیان بەهێزكردن و پەرەپێدانی بازرگانی لە نێوان هەردوولا بووە.

بەندەری مێرسین دەكەوێتە كەناری باكووری رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە باكووری كوردستان، یەكێكە لە گەورەترین بەندەرەكانی توركیا و دەرگای سەرەكیی توركیای بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، كە لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو دروست كراوە و دووەم گەورە بەندەری توركیایە لە دوای ئیمرالی.

ژووری بازرگانانی هەولێر و ئورفا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن...

ژووری بازرگانانی هەولێر و ئورفا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەن