لەسەر رێگای کەرکوک - بەغدا
ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا؛ خۆی برینداربوو و خێزانەکەشی گیانی لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – دوزخوماتوو
کەمێک پێش ئێستا لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستدا و هاوسەرەکەشی برینداربوو.
عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە964ـی وت، “ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئەلەنترا کە لە بەغداوە ویستویەتی بگەڕێتەوە کەرکوک، لەنزیک قەزای خاڵس، بەهۆی تیژڕەوییەوە وەرگەڕاوە”.
“لە رووداوەکە دەستبەجێ ژنێک گیانی لەدەستداوە و هاوسەرەکەشی کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، بەسەختی برینداربووە”، موئەیەد عەباس وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە تەنها ئەو دوو کەسەی تێدابووە و بەهۆی باران بارینی بەخۆڕ و خێرا لێخوڕینەوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو وتیشی، تەرمی ئەو ژنە و هاوسەرە بریندارەکەشی رەوانەی نەخۆشخانەی خاڵس کراون.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری