بڕیاریان بۆ هاتووە
هەززەی کۆیە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە شکڵ گۆڕاوەکان دەکات
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
ماوەی رابردوو لە هەززەی کۆیە هیچ ئۆتۆمبێلێک نەیدەتوانی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە شکڵ گۆڕاوەکەی یان مۆدێل بەرزکراوەکەی بکات، بۆیە بە ناچاری شۆفێران دەبووایە سەردانی هەززەی هەولێر بکەن.
ئەوەش بە مەرجی ئەوەی، نابێت لە چوار ساڵ مۆدێل زیاتر بەرزبکاتەوە، لەگەڵ نەگۆڕانی پارچەی رەسەنی ئۆتۆمبێلەکە.
لە دوای 2024.10.8 و دوای دەرچوونی بڕیارێک لە هاتوچۆی هەولێرەوە و بەدەست گەشتنی هاتوچۆی کۆیە، هەزەی و پشکنینی هاتوچۆ لە کۆیە دەتوانێت پشکنین بۆ تەواوی ئەو ئۆتۆمبێلانە بکات کە شکڵیان گۆڕاوە یان مۆدێلیان بەرزکراوەتەوە، تەنیا مەرج ئەوەیە جۆری ئۆتۆمبێلەکە لە کۆمپانیایەکەوە نەکرابێت بە کۆمپانیایەکی دیکە.
موقەدەم شوان عەبدوڵا، لێپرسراوی پشکنین لە هەززەی کۆیە بە 964ی وت، ئێمە پێشتر هیچ جۆرە پشکنینێکمان بۆ ئۆتۆمبێلە شکڵ گۆڕاو و مۆدێل بەرزەکان نەکردووە، بەڵام دوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی هاتوچۆی هەولێر، لەمەودوا پشکنین بۆ هەموو ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەکرێت کە شکڵیان گۆڕدراوە و مۆدێلیان بەرزکراوەتەوە تەنیا لە جۆری کۆمپانیایەکەوە نەکرابێتەوە جۆرێکی تر.
پشکنینی هاتوچۆ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکرێ کە دەیانەوێت ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکەیان نوێ بکەنەوە یان خاوەندارییەتی ساڵیانەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازنەوە، پشکنینەکەش بۆ ئەوەیە تا هاتوچۆ بزانێت ئایا ئەو ئۆتۆمبێلە تووشی هیچ زیانێک هاتووە، ئایا شیاوی لێخوڕین ماوە یان نا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا