لە فەیسبوک ناوەکانیان بڵاودەکاتەوە

خوێندنگایەک لە سلێمانى عقوبەى بە کۆمەڵ بۆ قوتابییەکانى دەردەکات

964+

وریا فەتاح

خوێندنگایەک لە سلێمانى، عقوبەى بەکۆمەڵ بۆ یەکێک لە پۆلەکان دەردەکات و دووریان دەخاتەوە، بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەش بۆ 964 باسى هۆکارەى دوورخستنەوەیان دەکات.

“ئاگادارى دایکان و باوکانى بەڕێز دەکەین کە خوێندکارانى پۆلى نۆى (ب) دورخراونەتەوە و لە قوتابخانە، داواکارین رۆژى یەکشەممە سەردانى قوتابخانە بکەن بە مەبەستى لێپرسینەوەیان”، ئەمە ناونیشانى پۆستێکى فەیسبوکى خوێندنگاى ئامێدى بنەڕەتییە لە شارى سلێمانى.

964 لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندى بە مامۆستا جەلال کەریم، بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەوە کرد و لەبارەى هۆکارى دوورخستنەوەى ئەو قوتابیانە گفتوگۆى لەگەڵ کرد.

بە وتەى جەلال کەریم، 509 قوتابیان لە یەک دەوامدا هەیە، لۆدێکى زۆریان لەسەر دروستبووە، بەڵام وەک بە 964ـى وت،”پۆلى نۆى (ب)، هەندێ خوێندکارى تێدایە بۆ خوێندن نایەت و بەس فریاى ئەوە دەکەوین لێپێچینەوەیان لێبکەین، رەنگە بەهۆى ئەوەوە بەجۆرێک لایەنە زانستییەکەمان لێ ونبووبێت”.

وەک ئەوەى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە باسى دەکات، هەموو رێگایەکیان لەگەڵ ئەو پۆلە گرتووەتەبەر، ئامۆژگارى و رێنمایى و لێپێچینەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەشێک لە قوتابییەکانى بەدەمەوەچونیان نییە و بەردەوامن لە کەتن و رەفتارەکانیان.

“دواى کۆکردنەوەى واژۆى مامۆستایان و لیژنەى رێکارى بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەیان، واتا بەس ئەمڕۆ دوورخراونەتەوە و پێویستە رۆژى یەکشەممە دایکان و باوکانیان بێن و بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە و هۆکارەکەیان بۆ روون دەکرێتەوە”.، بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە بەم شێوەیە باسى کرد.

روونیشى کردەوە، دواین کەتنى قوتابیانى ئەو پۆلە ئەوە بووە کە بەرى سنەوبەریان گرتووەتە مامۆستایەکى بەتەمەن و رێگریان کردووە لە وانەوتنەوە و پۆلەکەیان شێواندووە، کاتێک چوون بۆ پۆلەکە زیاتر لە سێ چنگ بەرى سنەوبەریان کۆککردووەتەوە و کەسیش خۆى لە کەتنەکە نەکردووە بە خاوەن، بۆیە وەک رێکارێکى ئیدارى عقوبەى بەکۆمەڵیان بۆ دەرچووە.

لەبارەى بڵاوکردنەوەى ناو و وێنەى قوتابیانى ئەو پۆلە لە پەیجى فەرمى قوتابخانەکە، بەڕێوەبەرى ئەو قوتابخانەیە وتى،”وێنەکە بەس پشتیان دەرچووە، ناوەکانیش بۆ ئەوەن دایکان و باوکان بزانن و ئاگاداربن، چونکە بە دایکان و باوکانمان وتووە لە رێگەى پەیجەکەوە ئاگاداربن لە قوتابییەکانتان”.

وەک باسیشى دەکات، ئەگەر ناوەکانیان بڵاونەکەنەوە، قوتابییەکان بە دایکان و باوکانیان ناڵێن، یان زۆر جار قوتابییەکان ژمارەى هەڵەى کەسوکاریان دەدەن بە قوتابخانە.

لە رانیە لێپێچینەوە لە خاوەن فرۆشگای قوتابخانەکان دەک...

لە رانیە لێپێچینەوە لە خاوەن فرۆشگای قوتابخانەکان دەکرێت