دیمەنی بەرگی گۆڤاری میتانیا وێنە: 964
گۆڤارێکی وەرزییە
دوای 16 ساڵ “میتانیا” لە راپەڕین دەرچوو
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین ئەمڕۆ چوارشەممە 30.10.2024، مەڕاسیمی ناساندن و بڵاو کردنەوەی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری میتانیای لەهۆڵی رۆسی رانیە سازکرد، یەکێکیش لە نوسەرەکانی گۆڤارەکە دەڵێت، لەدوای راپەڕینەوە ئەمە یەکەم گۆڤارە بەم کوالیتییە لە دەڤەری راپەڕین دەردەچێت.
خدر گوڵانی، یەکێکە لە نوسەرانی گۆڤارەکە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، میتانیا بەرئەنجامی چەند کۆبوونەوەیەکی ئەدیبان و نوسەرانی دەڤەری بیتوێن و پشدەرە، ماوەیەکی زۆرە لە ناوچەی ئێمە جموجۆڵی ئەدەبی هەیە، بەڵام وەکو بڵاوکراوە و گۆڤار هیچ لە ساڵی 2008ەوە هیچ شتێک نەبووە، بۆیە بیرمان لەوە کردەقە بتوانین گۆڤارێک دەربکەین.
وتیشی،”میتانیا گۆڤارێکی رۆشنبیری گشتی وەرزییە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین دەریدەکات، ئەو بابەتانەی تێیدا بڵاودەکرێنەوە پێکهاتوون لە بابەتی: ئەدەبی، فەلسەفی، پەروەردەیی، زانستی، مێژوو، فۆلکلۆر، رۆشنبیری، توێژینەوەی زانستی و هونەری و چەند بابەتێکى دیکە”.
روونیشیکردەوە، دەستەی نوسەرانی گۆڤارەکە پیک هاتوون لە نۆ کەس، کە هەموویان نوسەر و ئەدیبانی سنووری بیتوین و پشدەرن و سالانێکە لەبواری ئەدەبیدا کار دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە چوارەمین گۆڤارە لە دوای راپەڕینەوە لە دەڤەری راپەڕین دەردەچێت، پێشتر سێ گۆڤاری دیکە لە چەند ساڵیکی جیاوازدا دەرچوون، بەڵام هیچیان بەردەوام نەبوون و دوای 16 ساڵ بۆ یەکەمین جارە گۆڤارێکی بەم کوالیتییە لەلایەن نوسەرانی دەڤەرەکەوە دەردەکرێت.