خانمی باڵیۆز چی وت؟
پرسیاری روون و بەهێز..راشکاوانەترین دیدار تائێستا لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکی کرابێت
964+
ژووری هەواڵ
لەیەکەم رۆژی دیداری ئەمساڵی مێری باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئەستێرەی یەکێک لە پانێڵەکان بوو، ئەوەی روویدا بە شایەتی بەشدارانی دیدارەکە راشکاوانەترین دیدار بوو تائێستا لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکی کرابێت.
ئیلێنا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەمێری بوو، باڵیۆز بۆ سێ ساڵ دەچێت لە عێراقەو خانمێکی بەهێزو قسە رۆیشتووەو لە گەورەو بچووکی رووداوەکانی هەرێم و عێراقدا قسەی هەیە، ئەمڕۆ لە دیدارەکە کەوتە بەرامبەر پرسیارە روون و راشکاوەکانی هیوا عوسمان.
رۆژنامەنووسێکی بە ئەزموون و قسەزان و زمانزان باش خۆی بۆ دیدارەکە تەیارو ئامادە کردبوو، هەر لەسەرەتاشەوە بە خانمانی باڵیۆزی وت ”وەک رۆژنامەنووس دەمەوێت لەم دیدارە هەواڵم دەست بکەوێت”.
هیوا عوسمان بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی 964 بە کوردی و عەرەبی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد، دواتر رووی لە خانمی باڵیۆز وەرگێڕاو بە ئینگلزییەکی پاراو سەری قسەی لەگەڵ دامەزراندن، ئەوەی باسی گرنگ بوو لە عێراق و کوردستان و ناوچەکە پێکەوە گفتوگۆیان کرد، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی ئامادەبوون بوو پرسیارە روون و راشکاوانەکانی هیوا عوسمان بوو.
پرسیارو وەڵامەکان زۆر بوو، ئەمانە بەشێکن لە دیدارە گرنگەکەی نێوان هیوا عوسمان و ئیلێنا رۆمانۆڤسکی
هیوا عوسمان: دووجار بە موشەکی بالیستی هێرش کراوەتە سەر ئەم شارەی ئێمە تێیدا دەژین (هەولێر) هەردوو هێرشەکەش لە نزیک باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا بوون، ئایا ئێوە نەتانتوانی ئەو مووشەکانە بخەنە خوارەوە وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیلتان کرد کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر؟
ئیلێنا رۆمانۆڤسکی: وەک دەزانن ئێمە سەرقاڵی بنیاتنانی کونسوڵخانەیەکی نوێی زۆر جوانین، کە زۆر شانازی پێوە دەکەین، پێموایە ئەوە بەڵگەیەکی راستەقینەیە لەسەر پابەندبوونمان بە دامەزراندنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەم کارە بۆ خۆی بەشێکە لە هەوڵدانمان بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگری و ئاسایش لە ناوچەکەداو لەم رووەوە بەردەوام دەبین.
هیوا عوسمان: ئێمە لە 964 نەخشەی هەردوو هێرشەکەمان بڵاوکردەوە، یەکەمیان 1.4 کیلۆمەتر لە باڵەخانە نوێیەکەی ئێوەوە دوور بوو، دووەمیشیان کە پێشڕەو دزەیی تێدا کوژرا 4.2 کیلۆمەتر لە باڵەخانەکەتانەوە دوور بوو، جێی سەرسوڕمانە هیچمان لە ئەمریکا نەبیست.
ئیلێنا رۆمانۆڤسکی: خۆی پرسیارە گەورەکە ئەوەیە بۆچی ئێران ئەم ”دراوسێ باشە” هێرش دەکاتە سەر کوردستان.
هیوا عوسمان: کەواتە ئەگەر ئێران یان تورکیا هێرش بکەنە سەر کوردستان ئەمریکا هیچ هەقی نییە؟ ئەوە دەبێ کورد خۆی مشووری بخوات؟
ئیلێنا رۆمانۆڤسکی: من ئەوە ناڵێم، تەنیا دەڵێم ئێمە لێرەین. ئێمە بەرگری دەکەین هەمیشە بەرگریمان لە کارمەندانی ئەمریکی و دامەزراوە ئەمریکییەکان کردووە. بەڵام بەشێک لە گفتوگۆکانی بەرگری داهاتوومان لەسەر چۆنیەتی بنیاتنانی بەرگرییەکی بەهێزە بۆ عێراق، ئەگەر عێراق بیەوێت، کەواتە ئەگەر ئێران بیەوێت شتێک بکات، ئێستا کاتی خۆیەتی، بەڵام نابێت هێرش بکەنە سەر کارمەندانی ئەمریکی، چونکە ئێمە ئەوەمان بە تەواوی روون کردووەتەوە، هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر کارمەندان و دامەزراوەکانمان، ئێمە لە چوارچێوەی بەرگر لە خۆکردندا وەڵامی دەدەینەوە.
هیوا عوسمان: لە لایەن سەرکردایەتی کوردەوە زۆر جار باس لە پەیوەندی کوردو ئەمریکا دەکرێت، هەندێ لە شرۆڤەکارانیش دەڵێن ئەم پەیوەندییە خۆشەویستییەکی یەکلایەنەیە،من کوڕی پیاوێکم کە لە یەکەمین ئەو کوردانەیە کە حەفتاکانی سەدەی رابردوو بەرکەوتنی لەگەڵ ئەمریکا هەبووە، پاشان نائومێدییەکانی ساڵانی 1975و 1998 و 1991مان بینیوە، پرسیارەکە لە مێشکی هەموو کوردێکی ناوچەکە ئەوەیە: شتێک هەیە لە سیاسەتی ئەمریکادا بە ناوی کوردەوە؟، ئایا کورد وەک کورد دەبینن یان وەک هاوڵاتییەکی باشی عێراقی، هاوڵاتییەکی باشی سووری، هاوڵاتییەکی باشی تورکیا، و هاوڵاتییەکی باشی ئێرانی؟
ئیلێنا رۆمانۆڤسکی: یەکەم شت من لەگەڵ خۆشەویستی یەک لایەنە لەگەڵتدا ناکۆکم، من دەڵێم چیرۆکی کوردو ئەمریکا خۆشەویستی دوو لایەنەیە، ئەمریکا پابەندبوونێکی زۆر بەهێزی هەیە و ئامادەیی زۆر بەهێزی هەیە و لێرەدا کاری زۆری کردووە کوردستانی عێراق پردێک بووە بۆ زۆرێک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە هاتوونەتە ناوچەکە و پێگەیەکیان لە وەبەرهێناندا دامەزراندووە، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە عێراقیشدا.
کوردستانی عێراق بەراستی سەلماندی کە دەتوانێت دیموکراسی بچەسپێنێت، ببینە، ئەو هەڵبژاردنانەی تازە لە 20ی ئۆکتۆبەردا ئەنجامدرا، وەک زۆربەی هەڵبژاردنەکان زیندوو پڕ جۆش و خرۆش بوون و رێژەی بەشداریکردنیان زۆر بوو بە نزیکەی 72%ی خەڵک یان زیاتر بەشداربوون، پێموایە ئەمە مۆدێلێکی بەهێزە بۆ هەڵبژاردن.
هیوا عوسمان: باشە، ئایا شتێکتان هەیە بەناوی سیاسەتی کوردی؟ یان ئەوەی هەیە سیاسەتی عێراقییە؟
ئیلێنا رۆمانۆڤسکی: ئێمە سیاسەتی عێراقیمان هەیە و کوردستانیش بەشێکە لە عێراق. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لە پەیوەندی یان لایەنی تایبەت لەگەڵ کوردستانی عێراقدا بەهرەمەند نەبین، وەک چۆن لە بەشەکانی دیکەی عێراقدا هەیە