درێژی رێگاکە 30 کیلۆمەترە
دووسایدکردنی رێگای پێنجوێن دەخرێتە پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیدا دووسایدکردنی رێگای پێنجوێن – سەیدسادق بخاتە پلانی وەزارەتەکە.
ئەمیر سۆفی جەمال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و رێگاوبانی پێنجوێن بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ سێشەممە 29.10.2024 سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنمان کرد لە هەولێر و سەردانەکە تایبەت بوو بە پرسی دووسایدکردنی رێگای پێنجوێن – سەیدسادق”.
“وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەڵێنیدا دوای پێداچوونەوە بە دیزاینی پڕۆژەکە و گۆڕانکاری پێویست تیایدا، ساڵی داهاتوو لە پلانی وەزارەتەکەیاندا بینێرنە ئەنجومەنی وەزیران”، ئەمیر سۆفی جەمال وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکارییەکە بۆ کەمبوونەوەی تێچووە و داوای بڕەپارەیەک کراوە بۆ دیزاینکردنەوە لە وەزارەتی دارایی و دوای پەسەندکردنیشی دەدرێتە کۆمپانیایەک بۆ جێبەجێکردنی و درێژی رێگاکەش لە دیزاینی ئێستادا 30 کیلۆمەترە.
پێشتر دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە بە 964ـی وتبوو، پڕۆژەی دووسایدکردنی پێنجوێن دیزاینەکەی تەواو بووە، بەڵام تێچووەکەی سەروو 400 ملیار دینارە و ئەوەش لە توانای حکومەتدا نییە جێبەجێی بکات.
رێگای پێنجوێن – سەیدسادق یەکێکە لە رێگا مەترسیدارەکانی هەرێمی کوردستان و ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆی تێدا روودەدات، لە دوایین رووداویشدا لە رۆژی 19.10.2024 و لە نزیک گوندی تەڕاتەوەنی سەر بە ناحیەیی ناڵپارێز، شەش ئەندامی خێزانێک بوونە قوربانی و چوار کەسیان گیانیان لەدەستدا.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری