پشکنین بەخۆڕاییە
ئامێری پشکنینی مێشک و جەستە بۆ دوزخورماتوو دابین کرا
964+
سیروان خورشید – دوزخوماتوو
ئامێری پشکنینی “مفراس” کە تایبەتمەندی بەکارهێنان و تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە خۆدەگرێت و بە یەکێک لە پشکنینە پێویستەکانی دەستنیشانکردن دادەنرێت بۆ نەخۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو دابنین کرا.
ئەو نەخۆشانەی، بەتایبەت کە گومانی جەڵتەی مێشکیان لێدەکرێت و ساڵانێکە بۆ پشکنین روو لەشارەکانی تر دەکەن، ئیتر هەر لە شارەکەی خۆیان دەتوانن ئەو پشکنینە بێ بەرامبەر بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 29.10.2024، محەمەد جومعە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “چیتر پێویست ناکات هاوڵاتیان بۆ پشکنینی جەستە، مێشک، گورچیلە بچنە شارەکانی تر، لەئێستا بەدواوە دەتوانن هەر لە دوزخورماتوو ئەو پشکنینەیان بۆ ئەنجام بدرێت”.
پشکنینەکە بەبێ بەرامبەرە، کە هەتا ئێستا بۆ پشکنین سەرەڕای ئەوەی، روویان لە شارەکانی تر دەکرد، بەبڕی 75 هەزار دینار پشکنینەکەیان بۆ ئەنجام دەدرا.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گستی دوزخورماتوو وتیشی، “رۆژانە بەم ئامێرە دەتوانرێت زۆرترین پشکنین بۆ نەخۆشەکان ئەنجام بدرێت و بەئەنجامێکی ورد و کاتێکی کەم کارەکانی چارەخواز رای بکەن”.
چەندین ساڵە بەرپرسانی نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو لەهەوڵی هێنانی ئەو ئامێرانەن بۆ نەخۆشخانەی قەزاکە کە پێویستیەکی رۆژانەی هاوڵاتیانە، دواجار لەلایەن بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای سەڵاحەدینەوە ئامێری “مفراس”، بۆ قەزاکە دابینکرا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا