باڵیۆزى ئهمریكا له عێراق
پەیوەندى ئەمریکا و هەرێمى کوردستان بە چیرۆکى خۆشەویسى دوولایەنە وەسف دەكات
964+
فهرهاد حهسهن – دیداری مێری
ئێلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، باسی پەیوەندیی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستانی كرد و بە “چیرۆکی خۆشەویستی دوولایەنە” وەسفی کرد.
رۆمانۆوسكی بەشداریی دیداری مێریی كرد، كە ئەمڕۆ لە هەولێر دەستی پێكرد و لە وەڵامی پرسیاری هیوا عوسمان رۆژنامەوان و بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی 964 كە پانێلەكەی بەڕێوەبرد، وتی، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا بە توندی پابەندە بە بەهێزکردنی بوون و پشتیوانی خۆی لە هەرێمدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، کوردستانی عێراق پردێکی گرنگە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە زۆرێکیان پێگەی خۆیان لە هەرێمدا دامەزراندووە و وەبەرهێنانیان لە ناوچەکەدا دەكەن..
رۆمانۆوسکی پێی وابوو هەڵبژاردنەکانی 20ـى ئۆکتۆبەر نموونەیەکی بەهێز بوو بۆ بەشداریی سیاسی، کە رێژەی بەشداریی هاوڵاتیان گەیشتە نزیکەی 72%.
وتیشی، دیموکراسی لە کوردستان توانای خۆڕاگری و گەشەکردنی نیشان داوە، پێشی وایە، “ئەم سەرکەوتنە نموونەیەکە بۆ ناوچەکە”.
خانمە باڵیۆزەكەی ئەمریكا لە عێراق روونی کردەوە، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق گشتگیرە، “بەڵام لایەنی تایبەتی هەیە لە پەیوەندی لەگەڵ کوردستانی عێراق”.
وتیشی، “پەیوەندییەكە هاوکاری لە چەندین بواردا لەخۆدەگرێت، لەوانە وەبەرهێنانە ئەمریکییەکان لە هەرێمدا، کە بەشدارییان لە دامەزراندنی پەیوەندی بازرگانی و پڕۆژەی گەشەپێدانی بەرفراوان كردووە”.
سەبارەت بە ئاسایش، رۆمانۆوسکی ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە بەهێزکردنی بەرگرییەکانی بۆ پاراستنی دامەزراوە و کەسە ئەمریکییەکان لە هەرێمدا، جەختیشی کردەوە هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەم دامەزراوانە، بە توندی وەڵامی دەدەنەوە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن.
جگە لەوە ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا پابەندە بە پشتگیریکردنی عێراق و کوردستان لە بنیاتنانی بەرگرییەكی بەهێز، كە پێی وایە ئەم هەنگاوانە خواستی هەردوو وڵات دەردەخات بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەر لە پانێلەكەدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، خۆی لە لێدوانی راستەوخۆ دەربارەی ئەگەری بوونی سیاسەتێکی ئەمریکی تایبەت بە گەلی کورد دوورخستەوە، بەڵكو جەختی لەوە كردەوە وڵاتە یەکگرتووەکان ئەمریكا سیاسەتێکی گشتی بەرامبەر عێراق پەیڕەو دەکات، لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندییە هەرێمییەکان لەوانەش لەگەڵ کوردستانی عێراق.
تۆڕی 964 وەک هاوبەشێکی میدیایی رووماڵی دیداری مێری دەكات و بایەخی تایبەتی پێدەدات.