ئاوەڕۆی دەچێتە ناو پڕۆژەی ئاو
چێشتخانەیەک لە خانەقین کارەساتێکی ژینگەیی دروست دەکات
+964
راژان باجەڵان – خانەقین
چێشتخانەیەکی گەورە لە خانەقین پیسی و ئاوەڕۆی خۆی فڕێداوەتە ناو پڕۆژەی ئاوی خانەقین، کە ئەوەش چەند فەرمانگەیەکی حکومی هێنایە سەرخەت.
ئەندازیار عەباس عادل بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی خانەقین بە 964ی وت، پڕۆژەی ئاوی خانەقین کە لە تەنیشت جادەی یاریگەی خانەقین تێپەڕ دەبێت، لەلایەن چەند هاوڵاتییەکەوە فەرمانگەکە ئاگادار کراوەتەوە، کە چێشتخانەیەک ئاوەڕۆی خۆی فڕێداوەتە ناو پڕۆژەی ئاوەکە، کە زۆربەی گەڕەکەکانی خانەقین دەبنە قوربانی .
میدیا مۆفەق بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی خانەقین، کە بە مەیدانی سەردانی شوێنەکەی کرد و پاش ئاگادارکردنەوەی خاوەن چێشتخانەکە، بە 964ی وت، لیژنەکانی لابردنی زیادەڕۆی قایمقامییەت، ئەمڕۆ بە کاری خۆیان هەڵدەستن و بە بڕەپارەیەک سزا دەدرێت و دەبێت راستەوخۆ سیستمی ئاوەڕۆکەی بگۆڕێت.
چێشتخانەکە ماوەی دوو ساڵە دروستکراوە و بە بەردەوامی قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەرە، سەرەڕای ئەوەی سیستمێکی ئاوەڕۆی تایبەت بەخۆی هەبووە بەڵام بەکاری نەهێناوە و هەموو پیسییەکەی فڕێ داوەتە ناو پڕۆژەی ئاوی خانەقین، کە ئەوەش کارەساتێکی ژینگەیی دروست دەکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا