بەنداوی سەروچاوە -964+
بەنداوی سەروچاوە بەتاڵکرا و جێهێڵدرا
964+
مەجید بیتوێنی – رانیە
بەتاڵکردنی بەنداوی سەروچاوە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە کێشەی بۆ جوتیارانی ناوچەکە دروستکردووە، چونکە کارکردن تیایدا وەستاوە. کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێت: باران و نالەباری کەشوهەوا کارەکەی پێراگرتوون.
کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بەنداوی سەروچاوە، کە دەکەوێتە ناحەی بێتواتە لە ئیدارەی راپەڕین ئاوەکەی لێ بەتاڵکرا و دەست بە پاککردنەوەی کرا، بەڵام ئێستا پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەکەی وەستاوە.
ئیبراهیم مەحمود، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە بەتۆڕی964ـی راگەیاند: ئێمە ئاگاداری وەستانی پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەکە نەبووین و کۆمپانیاکە تاکلایەنە لە کارکردن وەستاوە.
تۆڕی 964 دەزانێت، 620 ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە تەرخانکراوە و هەریەکە رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بودجەکەیان دابینکردووە.
تۆڕی964 سۆراغی ئەوەشی کردووە، جوتیارانی ناوچەکە هۆشدارییان داوەتە ناحیەی بێتواتە، کە ئەگەر تا وەرزی گەرما، بەنداوەکە چارەسەر نەکرێت کێشەی گەورەیان بۆ دروستدەبێت.
ئەندازیار عیزەدین ئەحمەد، بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیای حەمرین، کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان لە ئەستۆیە بە تۆڕی964ـی وت “سەرەتا بەهۆی زۆریى قوڕ و لیتەوە ئامێرەکانمان وەستان، دواییش وەرزی زستان هات و کارنەکرا”.
دەشڵێت، هیچ کێشەیەکیان لە بودجە و ئەنجامدانی پڕۆژەکەدا نییە “تەنیا چاوەڕێی خۆشبوونی کەشوهەوا دەکەین و کارەکە تەواو دەکەین”.
بەنداوی سەروچاوە لەساڵی 2008 لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە لەسەر رووبەری 122 هەزار و 500 مەتر دووجا دروستکراوە و توانای گلدانەوەی ملیۆنێک و 500 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەنداوەکە بووەتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەکە و شوێنێکی گەشتیاریی دیاری دەڤەرەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەشتی بیتوێنیش بەراو دەکات.