پشکنینی بۆ دەکات

سیمای کۆڵنەدەر لە سەوزە و میوە پەینی دروست کرد

964+
ئەحمەد مستەفا

سێ ساڵ لە نێوان هەولێر و هەڵەبجە هاتوچۆی بوو تا رێکارە ئیدارییەکان نەتیجەیەکیان هەبێ، زەوی و پارە بۆ پڕۆژەکەی تەرخان بکات، لە کۆتایدا گەشت بەوەی لە سەوزە و میوە، پەین دروست بکات، ئێستا لە قۆناغی پشکنینە تا دواتر بە بازاڕی بکرێ.

ئەمە چیرۆکی سیما سامانە یەکێک لە دەرچووانی کشتوکاڵ لە هەڵەبجە، کە خوشک و دایکی، هەروەها خاڵی هاوکارییان کردووە، تا پڕۆژەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت.

پڕۆژەکەی ناو ناوە گوڵە هێرۆ، لە هەڵەبجە پاشماوەی سەوزە، میوە و گەڵا کۆدەکەنەوە، لە رێگەی کاری دەستی و دەزگایەکی هاڕینەوە، پەینی ئەندامی پێ دروست دەکەن، کە ئامانجەکە ئەوەیە ببێت بە چارەسەری رووەک و دارە نەخۆشەکان یان بیان پارێزی و گەشە بکەن، بۆ ئەو کارەی رێکخراوی ریج بە سێ ملیۆن دینار هاوکارییان کردووە و لایەنە ئیدارییەکان زەوییەکیان بە کاتی پێداوە.

سیما سامان بە 964ی وت، لەگەڵ خوشکەکەی سەرنجی پاشماوە و توێکڵی هەناری هەڵەبجەی داوە، کە چۆن لە شەقامەکاندا دەکەوێت و بۆنەکەی بڵاودەبێتەوە، ئەوە بووە بە بنەمای ئەوەی بیر لە بەکارهێنانەوەی بکەنەوە، بەدواداچوون بۆ شێوازە زانستییەکەی کردووە و توانراوە لە رێگەی کار دەستی خۆیان و دەزگای هاڕینەکەوە پەینەکە بەرهەم بهێنن.

پڕۆژەکەی سیما پەینەکەی ئامادەیە و لە قۆناغی پشکنین دایە، دەیەوێت لەوە بکۆڵێتەوە ئەو پەینەی لە پاشماوەکانی سەوزە و میوە بەرهەمی هێناوە، پێکهاتەی نایترۆجین و کالیسیۆم یان هەر ماددەیەکی ئەندامی و نا ئەندامی بە چ قەبارەیەک تێدایە و سوود و زیانەکانی پۆڵێن دەکات، بە گوێرەی جۆری رووەکەکان.

سیما وەک بە 964ی وت، چاوی لەوەیە پڕۆژەکە سەرکەوتوو بوو، لە رێگەی مارکێتین، بڵاوکردنەوەی کرداری و چوون بۆ مەشتەلەکان بە لۆگۆی خۆیەوە بیانفرۆشێ، دوای ئەوەش هەوڵ بۆ ئەوە دەدات پڕۆژەکەی تەنیا لە هەڵەبجە نەبێت، دێتە شارەکانی هەولێر و سلێمانی، هەروەک داوای کرد، رێکخراوەکان دەستی گەنجە داهێنەرەکانی هەڵەبجە بگرن.

ناوەندی قەیرانەکانی هەڵەبجە، کە هاوکاری پڕۆژەکە بووە، لە بارەیەوە دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە بە گەورەبونی زۆر گرنگە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، دەتوانرێت پاشماوەی هەموو بەروبوومە کشتوکاڵیەکان بەکاربهێنرێتەوە و بکرێت بە پەین بە نرخێکی کەمتر بفرۆشرێت بە نەمامگەو مەشتەلەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بەوەش لەسەر هاوڵاتیان نرخێکی کەمتر بکەوێت، یەکەم پڕۆژەیە کە توانراوە دەستپێبکرێت لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە.

پێشتر، 964 ئەوەی زانی بوو دەرچوانی بەشی ژینگە لە هەڵەبجە دەیانەوێت خواردنی زیادەی ماڵان بکەن بە پەین، سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، پڕۆژەی ئەو دەرچووانە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە بەوەی ئامادەکردن و لێنانی خواردن کەم بکەنەوە و قۆناغی دووەمیش کۆکردنەوەی خۆراکی زیادەیە و کردنیەتی بە پەین.

دیمەنی پڕۆژەی گوڵە هێرۆ؛