زۆرینەی پڕۆژەکان پێوەی پابەند نەبوون
دەبێت ٢٥٪ـی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بکرێن بە سەوزایی
میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی
کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون پابەندی سەوزکردنی ٢٥٪ـی پڕۆژەکانیان نەبوون، بۆیە دەستەی ژینگە لیژنەی پێک هێناوە و تەواوی پڕۆژەکان پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییە دەکات.
لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە ٢٠٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە و داواکاری و مۆڵەتپێدانیش بەردەوامە.
“لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە ٢٠٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە”
عەبدولڕەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بە میدیازانی راگەیاند: زۆربەی زۆری پڕۆژەکان پابەندی سەوزکردنی ٢٥٪ـی پڕۆژەکان نەبوون، ئەوەش دوای چەندینجار ئاگادارکردنەوە بەڵام هەر جێبەجێیان نەکردووە.
وتیشی: “لە مامەڵەی مۆڵەتی پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا یەکێک لە لایەنەکان ئێمەین، وەبەرهێن پابەند دەکرێت بە سەوزکردنی ٢٥٪ـی پڕۆژەکەی و ئەویش رەزامەندی پیشان دەدا، بەڵام لە جێبەجێکردندا ئەو کارە ناکات.”
بە پێی زانیارییەکانی دەستەی ژینگەی هەرێم، بەشێک لە پڕۆژەکان شوێنی سەوزایی پڕۆژەکانیان بۆ مارکێت و ئۆفیس و تەنانەت دروستکردنی شوقەی نوێش بەکار هێناوە.
“بەشێك لە پڕۆژەکان شوێنی سەوزایی پڕۆژەکانیان بۆ مارکێت و ئۆفیس و دروستکردنی شوقەی نوێش بەکار هێناو.”
“ئێستا رێنماییەک هەیە و هەموو پڕۆژەکان پابەند دەکات، ئەوانەی کراون و تەواو بوون و ئەوانەی کارکردن تیایاندا بەردەوامە، دەبێت ٢٥٪ـی پڕۆژەکانیان سەوز بکەن و ئەگەر شوێنەکەشیان بەکار هێنابێت ئەوا دەبێت شوێنی تر دابین بکەن و بە پێچەوانەوە تووشی لێپێچینەوە و سزا دەبن”، وتەبێژەکەی دەستەی ژینگە وای وت.