كێشەكە چییە؟

كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی گردبوونەوە

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 26.10.2024، كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی بەرامبەر داخستنی شوێنی كاركردنیان لە مەیدانەكە گردبوونەوە و دەڵێن، ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێی نەكرێت، دەڕژێینە سەر شەقام و رێگای سلێمانی بۆ عەربەت دەگرنەوە.

ئەوان سەرەتا رێگای هاتوچۆیان گرت، بەڵام دواتر رێگاكەیان كردەوە.

كاسبكارانی مەیدانەكە قسەیان بۆ 964كردووە و كامیل فایەق یەكێكە لەوان و دەڵێت، بێ ئاگاداری ئێمە كاتژمێر دووی شەوی رابردوو ئەو كۆمپانیایەی كە مەیدانەكەی پێدراوە بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون، خۆڵی لەسەر رێگاكە داناوە و رێگاكەیان لێگرتوون و ناتوانن بچینە لای ئاژەڵەكانیان، بۆ ئەوەی خواردن و ئاویان بۆ ببەن.

وتیشی، “ئێمە بە قایمقاممان وتووە بێ قەرەبوو شوێنەكەمان چۆڵ ناكەین”.

نەسرەدین نوری، یەكێكی دیكەیە لەو كاسبكارانە و بە 964ی وت، “شوێنێكیان بۆ دیاریكردووین لە گوندی یەك ماڵە و بەبڕە پارەیەكی زۆر پێمانی دەدەن كە لە توانای ئێمەدا نییە، كە بڕیار وایە 200 مەترمان پێبدەن بە 10 ملیۆن دینار و ساڵانەشمان لێوەردەگرن، بۆیە خەڵكی ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بدات، ئەگەر وابڕوات دەبێت واز لە كەسابەتەكەمان بهێنین”.

كاسبكاران بەوە شوێنی گردبوونەوەكەیان چۆڵ كرد، كە وەڵامیان پێگەیشت، بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی كۆببنەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن و چارەسەرێكیان بۆ بدۆزنەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دژی داخستنی شوێنی كاركردنیان كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵ...

دژی داخستنی شوێنی كاركردنیان كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی گردبونەتەوە