سێ کەس بریندارن
بکەرانی تەقوتۆقەکەی گەڕەکی کوردسات گیران
964+
ئەحمەد مستەفا
پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەکەی گەڕەکی کوردسات دەڵێت، سەرجەم تۆمەتبارانی رووداوەکەی ئەمڕۆی بەردەم بنکەی پۆلیسی کوردسات دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.10.2024، بەهۆی “کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە” لە گەڕەکی کوردستان گرژی دروست بوو، بەهۆیەوە دوو پۆلیس و هاوڵاتییەک بە فیشەک بریندار بوون.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا زانیاری لە بارەی رووداوەکە خستووەتەڕوو و دەڵێت، لە رووداوی تەقەکردنەکەی بەردەم بنکەی پۆلیسی کوردسات سێ کەس برینداربوون و سەرجەم تۆمەتبارانی رووداوەکە دەستگیرکراون.
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم بنکەی پۆلیسی کوردسات لەشاری سلێمانی، شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان دوو لایەندا دروستبوو و لایەنێکیان لەبەردەم بنکەکەی پۆلیسەوە تەقەی کردووە و بووە هۆی برینداربوونی ئەفسەرێک و کارمەندێکیان و هاوڵاتییەک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەرجەم تۆمەتباران دەستگیر کران، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە ئێستادا تۆمەتباران بە بڕیار دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.