چاودێرانی هەڵبژاردن:
لە کاتی دەنگدان بانگەشەی لایەنەکان و توندوتیژی روویداوە
964+
شۆڕش قادری
بەپێی راپۆرتی دووەمی هاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چەندین پێشێلکاری لە کاتی دەنگدان روویداوە و لەوانەش، بەردەوامی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان و روودانی توندوتیژی بووە لە بنکەکانی دەنگدان.
هۆگر چەتۆ رێكخەری تۆڕی شەمس بە 964ی وت، ” تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ زیاتر لە 96 رووداوی تایبەتی بە هەڵبژاردنمان تۆمار کردووە لە سەرتاسەری کوردستان”.
ئاماژەی بەوەش کرد، راپۆرتەکەیان داوە بە کۆمیسیۆن کە گرنگرترینیان وەستانی ئامێرەکانی دەنگدان بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک لە چەندین شوێن و کێشەی تێپەڕاندنی پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەی بووە لە زۆربەی ناوەندەکانی دەنگدان و دوورخستنەوەی چاودێران بووە لە بنکەکانی دەنگدان.
دەشڵێت، “بەردەوامیی بانگەشەی هەڵبژاردن و خێمەهەڵدانی لایەنەکان لە نزیک بنکەکانی دەنگدان و چەندین رووداوی توندوتیژی لە نێوان دەنگدەر و کارمەندانی کۆمیسیون و هێزە ئەمنییەکان و بریکاری لایەنە سیاسییەکان، لەو حاڵەتانەن کە ئەمڕۆ لە کاتی دەنگدان تۆمارکراون و وەک پێشێلکاری رادەستی کۆمیسیۆن کراون.