تووشى ئاستەنگى دەبن
دەنگى کورتەباڵاکان بۆ چوار ساڵى درێژ
964+
وریا فەتاح
کورتەباڵاکان، لە رۆژى هەڵبژاردندا توشى ئاستەنگى زۆر دەبنەوە و زۆرێکیان بەهۆى نەگونجاوى ئامێر و کەرەستە و قورسییەکانى رۆژانى دەنگدان، ناتوانن دەنگ بدەن.
دڵشاد کە دانیشتووى سلێمانییە و کورتە باڵایە، بە 964ـى وت،” هەر کە لە ماڵەوە دەردەچین تا دەگەینە وێستگە و بنکەکانى دەنگدان گرفتمان هەیە و پڕۆسەکە لەگەڵ ژینگەى ئێمە رێکنەخراوە”.
“کورتەباڵاکان لە دوورى بنکەکانى دەنگدانەوە دەبێت لە ئۆتۆمبێل دابەزن و رێگە ببڕن تا بنکەکە، لەوێش زۆر جار چوونەژوورە و و بەرزى قادرمەکان گرفتێکى دیکەن”، دڵشاد واى وت.
روونیشى کردەوە، کابینە و سندوقى دەنگدان بەرزن و کورتەباڵاکان لەبەرچاو نەگیراون، بۆیە لە کاتى دەنگدان لە ناو کابینە و خستنەناوەوەى بۆ ناو سندوقى دەنگدا پێویستە داواى یارمەتى لە کەسێک بکەن.
ئەو پێى وایە، جگە لەوەى ژینگەکە بۆ کەمئەندامان و کورتەباڵایان رێکنەخراوە، زۆر جار رەنگە ئەوە کاریگەرى لەسەر نهێنى دەنگدان هەبێت.