له‌ 89 وڵات نیوه‌ى دانیشتوانى جیهان ده‌نگده‌ده‌ن

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت ئه‌مساڵ ساڵى هه‌ڵبژاردنه‌كانە له‌ جیهاندا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌مساڵ 2024 به‌لاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌ ساڵى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتاندا پێناسه‌ى بۆ كراوه‌، له‌ 89 وڵات هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن و نیوه‌ى دانیشتوانى گۆی زه‌ویش ده‌بنه‌ ده‌نگده‌ر.

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ راپۆرتێكیدا، ئاماژه‌ى به‌وه‌ده‌كات ئه‌مساڵ سێ ملیار و 700 هەزار کەس، واتە 49%ـی ژمارەی دانیشتووانی جیهان دەنگ دەدەن، چونکە ده‌ڵێت، له‌ 89 وڵات هەڵبژاردن ئەنجام دراوە یاخود بڕیارە ئەنجام بدرێت.

یەکەم هەڵبژاردنی ئه‌مساڵ، لە مانگی کانوونی دووەم لە وڵاتی بەنگلادش به‌ڕێوه‌چوو و پەرلەمانی نوێی هه‌ڵبژارد.

لە مانگی حوزەیرانى ئه‌مساڵیشدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو کە 27 وڵاتی یەکێتی ئەورووپا تێیدا بەشداربوون.

لە مانگی نیسانیش گەورەترین پڕۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو، لە کۆی 1.4 ملیار دانیشتوانی وڵاتەکە 969 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، هەڵبژاردنی گشتی لە هیندستان بە 44 رۆژ و بە حەوت قۆناغ لە مانگی حوزەیراندا کۆتایی هات.

لە مانگی تەممووزدا هەڵبژاردنی گشتی لە شانشینی بەریتانیا بەڕێوەچوو، نزیکەی 46 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو هەڵبژاردنەدا چەپەکان پاش 14 ساڵ لە دەسەڵاتی راستڕەوەکان، توانیان زۆرینەی رەهای دەنگ بەدەستبهێنن و حکومەتی پێنج ساڵی داهاتووی وڵاتەکە دروستبکەن.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێرانیش یەکێکی دیکە بوو لە هەڵبژاردنە گرنگەکانی ناوچەکە، کە دواى گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەیسی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا و تیایدا مەسعوود پزیشکیان بووە سەرۆکی نوێی وڵاتی ئێران.

لە کیشوەری ئاسیادا، بڕیاره‌ له‌ 23 وڵات هەڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، لەناویشیاندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

لە کیشوەری ئەفریقادا، 18 وڵات و لە هەردوو کیشوەری باکوور و باشووری ئەمریکاش لە 15 وڵات و لە رۆژى1.12.2024 یش لە کۆماری مۆریس لە ئەفریقا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بڕیاره‌ بەڕێوەبچن.

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكاش یەکێکی دیکەیە لەو هه‌ڵبژاردنه‌ گرنگانه‌ى كه‌ زۆرترین وڵاتانى جیهان چاویان له‌سه‌ر ده‌بێت و بڕیاره‌ لە 5.11.2024 بەڕێوە بچێت و نزیکەی 244 ملیۆن ئەمریکی مافی دەنگدانیان هەیە.

پزیشکیان بۆ گەلانی ئێران: بەتەنیا جێم مەهێڵن

پزیشکیان بۆ گەلانی ئێران: بەتەنیا جێم مەهێڵن